رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بووەتە کولتوورێکی رەسەن و شانازیی پێوە دەکەن.
رۆژی شەممە، 16-05-2026، سەرۆک بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان نیشاندا و سوپاس و پێزانینی ڤاتیکانی گەیاندە سەرۆک بارزانی، خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە کاتی تەنگانەدا دەرگەیان بۆ ئاوارە و لێقەوماوان کردەوە و پاڵپشت و هاوکاری هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کریستیانەکان بوون.
باڵیۆزی ڤاتیکان ستایشی فەرهەنگی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا، پێکهاتەکان لە سایەی ئەو سەقامگیرییەدا هەست بە ئاسوودەیی دەکەن. هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک زانکۆی کاتۆلیکی، نەخۆشخانەی عەنکاوە و قوتابخانە تایبەتەکان کە تێیاندا کریستیانەکان بە زمانی دایک دەخوێنن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باسی دوایین سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان و سەردانی مێژوویی پاپا فڕانسیس بۆ هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆک مەسعود بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و پشتگیریی خۆی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپات کردەوە. سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، پێکەوەژیان لە کوردستان بووەتە کولتوورێکی رەسەن و شانازیی پێوە دەکەن، راشیگەیاند: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم کولتوورە بەردەوام بێت و پەرەی پێبدرێت."
سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و گوتی، پێشمەرگە بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەبێ جیاوازی خوێنی بەخشیوە.
سەرۆک بارزانی سوپاسی پاپا و حکومەتی ڤاتیکانی کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانیان و هیوای خواست لە داهاتوودا پاپای ڤاتیکان جارێکی دیکە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ