رووداو دیجیتاڵ
سۆران عەبدولکەریم، مامۆستای ئایینی، بەهۆی نەخۆشییەوە توانای قسەکردنی لەدەستداوە. ئەو مامۆستایە لە روونکردنەوەیەکدا هۆکاری نەخۆشییەکەی روون دەکاتەوە و دەڵێ: "ئێستا ئازارم کەمترە و شێرپەنجەم نییە".
سۆران عەبدولکەریم، مامۆستای ئایینیە و پێشتر لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی گوتاربێژی مزگەوت بووە. مژدە رەئووف، بەڕێوەبەری ئەوقافی چەمچەماڵ، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 10 ساڵە مامۆستا سۆران لە چەمچەماڵ ناژی، بۆیە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی نین و لە سنووری سلێمانی دەژی".
سۆران عەبدولکەریم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتارەکانی بڵاودەکاتەوە، چەند رۆژێکە هەواڵی خراپیی تەندروستی لەلایەن خۆیەوە بڵاو بووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ناتوانێت قسە بکات.
ئەو مامۆستا ئاینییە ئەمڕۆ لە روونکردنەوەیەکدا باسی لە نەخۆشییەکەی کرد و رایگەیاند: "ئێوارەی رۆژی جەژن[ـی رەمەزان] لە پڕ قوڕگم تووشی ئازارێکی زۆر قورس بوو، ئازارەکەم بە شێوەیەک بوو وەک بڵێی پارچەیەک ئاگرە قوڕگم دەسووتێنێ، زۆر گوێم پێنەدا و تەنیا حەبی هەوکردن و ئازارشکێنم بە کاردەهێنا. شەوی جەژن بە ئۆتۆمبێلی خۆمان گەشتی عومرەم کرد، ئەو 10 رۆژەی لە عومرە بووم تاوەکو گەڕامەوە ئازارم نەشکا".
لە بەردەوامی باسکردنی نەخۆشییەکەیدا مامۆستا سۆران دەڵێ، دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان و ژمارەیەک پشکنین، دەرکەوتووە کە "تووشی هەوکردنی کڕکڕاگە (Chondritis) و ئەستووربوون (Edema) لە لای راستی ئەو کڕکڕاگەیەدا هەیە کە پێی دەگوترێ (کڕکڕاگەی دەرەقی). ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە سوپاس بۆ خودا نیشانەی خراپی وەکو شێرپەنجەم نییە".
لەبارەی هۆکاری قسەنەکردنییەوە سۆران عوبدولکەریم دەڵێ، پزیشکان ئاگاداریان کردووەتەوە نابێت قسە بکات و ئەویش رێنماییەکانی جێبەجێکردووە و دەڵێ: "ئازارم کەمترە ئێستا، بەڵام ناتوانم قسە بکەم؛ دەنگم بە حاڵ دەردێ".
بڕیارە ئەو مامۆستا ئاینییە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی چەند پشکنینێکی دیکەی بۆ بکرێ. وەک خۆی نووسیویەتی، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت پێشنیازی چەند پزیشکێکی بۆ کراوە لە ئوردن و تورکیا.
دوو بەرپرسی باڵا لە ئەوقافی سلێمانی بە رووداویان گوت، بەهۆی ئەوەی مامۆستا سۆران گوتاربێژی فەرمی سەر بە ئەوقاف نییە ئاگاداری دۆخی تەندروستیی نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ