شارەوانیی رانیە: هاوکارنەبوونی خەڵک بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی زبڵ لەبەردەم یاریگەی ئازادی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی فڕێدانی زبڵ و خاشاکێکی زۆر لەبەردەم یاریگەی ئازادی لە شارۆچکەی رانیە، بۆنێکی ناخۆش لە ناوچەکە بڵاوبووەتەوە و هاونیشتمانیانی بێزارکردووە. سەرۆکی شارەوانیی رانیەش دەڵێت، کێشەکە جڵەو دەکرێت، بەڵام هاوکارنەبوونی بەشێک لە خەڵک لە کاتی گەڕانەوەیان لە سەیران گرفتی دروستکردووە.  
 
چەند هاونیشتمانییەک لە رانیەوە لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە گلەیی لە کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک لەبەردەم یاریگەی ئازادی دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، فڕێدانی پاشماوەکان بەردەوامە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش لە تەواوی ناوچەکەدا، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەش هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان کێشەکەیان بنبڕ نەکردووە.
 
شارەوانیی رانیە: خەڵک زبڵەکە فڕێ دەدەن  
 
لە بەرامبەردا ئەندازیار ئەحمەد مەلا وسوو، سەرۆکی شارەوانیی رانیە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، شوێنی بەردەم یاریگای ئازادی رووبەرێکی گەورە و بەرچاوە."کێشەی زبڵمان بە گشتی کەمە، بەڵام لەوێ گوشەیەکمان هەیە کافێی لێیە و خەڵکیش جارجار زبڵی لێ فڕیدەدەن. هەندێ جار هەینییە و دەوام نییە، خەڵکیش لە سەیران دێنەوە و لەو شوێنە زبڵ فڕێ دەدەن."
 
سەرۆکی شارەوانی روونی کردەوە، بەرنامەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شارەکە بە پلانێک رێکخراوە؛ لە ناو بازاڕ و سەنتەری شار رۆژانە زبڵ کۆدەکرێتەوە و هەندێک شوێنیش دووجار، لە گەڕەکەکانیش هەفتانە دوو جار ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕێن.
 
گرفتی زەویی فەرمانبەران؛ لە رانیە زەوی نەماوە
 
تەوەرێکی دیکەی گرفتەکانی شارەوانیی رانیە، پرۆسەی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەرانە. ئەندازیار ئەحمەد مەلا وسوو ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە ناو شاری رانیەدا مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە زیاتر لە 10 هەزار فەرمانبەرن و تاوەکو ئێستا ناوی 9500 فەرمانبەر وردبینی بۆکراوە. 
 
سەرۆکی شارەوانی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکەی خستە روو و گوتی: "ئێستا لە قۆناخی فراوانکردنی سنووری شارەوانیداین، نەخشەکەمان لە وەزارەتە بەڵام تائێستا واژۆی کۆتایی لەسەر نەکراوە. کێشەکە ئەوەیە تەنانەت ئەگەر سنوورەکەش فراوان بکرێت، تەنیا دەتوانین زەوی بۆ دوو هەزار فەرمانبەردابین بکەین."
 
بەگوتەی ئەحمەد مەلا وسوو، کێشەی سەرەکیی رانیە ئەوەیە لە سێ لاوە دەرفەتی فراوانبوونی نییە بەهۆی چیاکانی دەوروبەری، تەنیا باشوور نەبێت کە ئەویش هەمووی زەوی کشتوکاڵی زۆر بەپیتن؛ فراوانبوون بەرەو ئەو لایەش هەم رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵی دەوێت و هەم زیان بە بژێوی هەزاران جووتیار دەگەیێنێت. هاوکات کێشەی دیاریکردنی رێژەی قەرەبووی 2٪ لەگەڵ خاوەن زەوییەکان هێشتا چارەسەر نەبووە، جووتیاران و ئیدارەی ناوچەکە داوای رێژەی 4% دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت زەوییەکی شیاو و بێ کێشە بداتە فەرمانبەران.
 
پێشنیازی ستراتیژی بۆ دروستکردنی شارێکی نوێ
 
وەک چارەسەرێکی ریشەیی بۆ دابینکردنی زەوی بۆ تەواوی فەرمانبەرانی سنوورەکە، پێشنیازی تەرخانکردنی زەوی لە ناوچەی "بانوەقەل" دەکرێت. 
 
بانوەقەل دەکەوێتە ئەو دیوی چیاکانی کێوەڕەش (بەدیوی پشدەر)، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی سەنگەسەرە و نزیکەی 15 بۆ 20 خولەک لە ناوەندی شاری رانیەوە دوورە.
 
ئەحمەد مەلا وسوو لەبارەی گرنگیی ئەم شوێنەوە گوتی: "شوێنێکی پان و تەختە، زەوییەکەی بەردەڵانە و کشتوکاڵی نییە، هەروەها 90%ی موڵکی وەزارەتی داراییە. پێم وایە باشترین چارەسەر ئەوەیە بیر لەو دیو بکەینەوە بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرانی سنوورەکە لەوێ زەوییان پێبدرێت."
 
سەرۆکی شارەوانیی رانیە گوتیشی،" ئەگەر کۆمپانیایەکی باش بێت و نەخشەیەکی کەرتی جوانی بۆ دروست بکات، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئاوەدان دەبێتەوە و گەڕەکێکی جوان بۆ رانیە دروست دەبێت. بەڵام روونیشیکردەوە کە تائێستا ئەم بیرۆکەیە تەنیا وەک پلانە و نەبووەتە کردار."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە