رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت، بۆ یەکەمجار لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا ژنێک بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەندامانی سەرکردایەتییان لە 50 ئەندامەوە بۆ 30 ئەندام کەمکردووەتەوە. لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، هیچ پەیوەندییان لەگەڵیان نییە.
رۆژی هەینی، 16ـی حوزەیرانی 2023، محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری نوێی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا -پەدەکەسە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای کۆنگرەی حیزبەکەشیان پڕۆژە و هەڵوێستیان وەک پێشتر دەمێنێتەوە و نیشتمانییە.
سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا گوتی، ژمارەی ژن و گەنج لە پارتەکەیاندا زیادیکردووە و ستافێکی نوێ بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی پەدەکەسە هەڵبژێردراوە. گوتیشی، بەگوێرەی قۆناخی نوێ گۆڕانکارییان لە پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکەیاندا کردووە.
محەممەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد کە پێشتر ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پەدەکەسە 50 ئەندام بوو؛ لە کۆنگرەدا 27 ئەندام بۆ سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە و دوای کۆنگرە "بەگوێرەی پێویستییەکان"ی خۆیان سێ ئەندامی دیکەیان بۆ سەرکردایەتی زیادکردووە و بوون بە 30ـی ئەندام.
سکرتێری پەدەکەسە رایگەیاند، هیچ جێگرێکی بۆ دیارینەکراوە لە کۆنگرەدا. گوتیشی، بۆ یەکەم جار ژنێک بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پەدەکەسە هەڵبژێردراوە.
فەرهاد شاهین بە دەنگی ئەندامی کۆنگرە بوو بە ئەندامی سەرکردایەتیی پەدەکەسە و دواتر دەستی لەکارکێشایەوە، لەو بارەیەوە محەممەد ئیسماعیل گوتی، ئەو و کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکەسەش دەستلەکارکێشانەوەکەیان قبووڵ نەکردووە و گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن بۆ گەڕانەوەی.
کۆمەڵێک ئەندامی پلەی جیای پەدەکەسە دوای کۆنگرە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، سکرتێری حیزبەکە دەڵێت، "ئەوانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە زۆرینەیان لە دەڤەری کۆبانێن؛ هەندێکیش لە لیستی کار و رێکخستنی ئێمەدا نەبوون؛ هەندێکیشیان دڵگرانن، بەشێوەیەکی هەڤاڵێتی و برایەتی لە باوەشیان دەگرین بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکەین".
لەبارەی پەیوەندیی پەدەکەسە و لایەنەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، محەممەد ئیسماعیل گوتی، "پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکانی سووریا باشە، باوەڕمان بە کاری هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانە؛ ناکۆکیمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی کوردی نییە پەیەدە نەبێ؛ پەیەدە دەسەڵاتێکی بەسەر گەلی ئێمەدا سەپاندووە؛ بەڕێوەبەرییەکی سەپاندووە بەسەر خەڵکی ئێمەدا؛ نابێ یەک لایەن کاروباری خەڵکی ئێمە بەڕێوەببات و دەبێ بە هاوبەشی بێت".
لەبارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریشەوە سکرتێری پەدەکەسە گوتی، "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نییە؛ بەڕێوەبەرایەتییەکە پەیەدەیە و بە هەبوونی چەک دەسەڵاتێکی تووند؛ شکستێکی سیاسیی و کارگێڕییان خوڵقاندووە".
پەدەکەسە لە ساڵی 1957 وەکو یەکەمین پارتی کوردستانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دامەزراوە و رۆژی شەممە 10ی ئەم مانگە دوازدەیەمین کۆنگرەی خۆی بەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ