رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانی لە جەنگەڵی دانکیخ لە وڵاتی فەرەنسا کوژران و هەردووکیان پێشتر دانیشتووی کەلار بوون.
رووداوەکە دوێنێ روویداوە. ئەوانەی کوژراون ناویان کارزان عەبدوڵڵا و محەممەد نەجمە؛ هەروەها کەسێکی دیکەش بریندار بووە کە ئەویش کوردە.
پورزایەکی کارزان عەبدوڵڵا ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارزان زیاتر لە 10 ساڵ لە ئەڵمانیا دەژیا، بەڵام بۆ ئیشوکار دەچووە فەرەنسا و جەنگەڵی دانکیخ".
کارزان عەبدوڵڵا خەڵکی قەزای کەلارە لە پارێزگای سلێمانی و پێشتر یاریزانی یانەی وەرزشی شێروانە بوو لە خولی نایابی کوردستان. محەممەد نەجمیش هاوڕێ و هاوشاریی کارزان بوو.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارزان لەگەڵ کەسێکی خەڵکی چەمچەماڵ بووە بە دەمەقاڵێیان، محەممەد نەجم ویستوویەتی کارزان هێوربکاتەوە و چەکەکەی لێوەربگرێت، لەوکاتەدا گولـلەیەک بە هەڵە دەرچووە و کارزانی کوشتووە".
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە کە بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە: "محەممەد کاتێک زانیویەتی بەهۆی ئەوەوە کارزان بە هەڵە کوژراوە، لە هەمان شوێندا بە چەکەکە کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە".
ئەو کەسانەی لە جەنگەڵی دانکیخ لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا دەمێننەوە، زۆرینەیان لەگەڵ فرۆشتنی هەندێک خۆراک یان پێداویستی رۆژانە، کاری قاچاخچێتی دەکەن بۆ گەیاندنی خەڵک لە رێگەی بەلەمەوە بە بەریتانیا.
ئەوە یەکەم رووداوی کوشتن نییە لە جەنگەڵی دانکیخ روودەدات. لە 14ـی مانگی 12ـی پاریش لە رووداوێکی تەقەکردندا لە جەنگەڵەکە 5 کەس کوژران کە دووانیان هاونیشتمانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
جەنگەڵی دانکیخ کە بە دووری 235 کێلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس لە وڵاتی فەرەنسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ