رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەرەداخ دەڵێت، دوای نیوەڕۆ مووشەکێک لە قەرەداخ دۆزراوەتەوە، لیژنەی ئەمنییان پێکهێناوە، تاوەکو رێکاری پێویست بگرنەبەر.
رۆژی دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، شیرین مەحموود، قائیمقامی قەرەداخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر سێ بۆ سێ و نیو ئاگادارکراینەوە مووشەکێک لە قەرەداخ کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام نەتەقیوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی نەبووە."
قائیمقامی قەرەداخ دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نازانرێت مووشەکی کام وڵاتە و چ جۆرێکە، بەڵام پێنج مەتر درێژە و نزیکەی دوو مەتریش ئەستوورە، لەسەر ئەو بابەتە لیژنەی ئەمنیمان پێکهێناوە، تاوەکو رێکاری پێویست بگرنەبەر."
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو شوێنەی لێی کەوتووەتە خوارەوە دوورە لە ئاوەدانی، بۆیە زیان بە کەس نەگەیشتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش 'درۆنێک' لە ئاسمانی شاری هەولێر خرایە خوارەوە. گومان دەکرێت لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کونسووڵخانەی ئەمریکاوە خرابێتە خوارەوە.
ئەوکات مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش پارچەی درۆنەکە هەڵدەگرنەوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن. درۆنەکە لەلای مارکێتێک کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی مادی و گیانیی نەبووە.
دوێنێش، رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مووشەکێک لە سنووری ناحیەی سەنگاو لە دەوروبەری گوندی موسۆیی کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی نەگەیاندووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ