رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، چەند فرۆشیارێک لەسەر شوێنی ئاو فرۆشتن بووەتە دەمەقاڵەیان و شەڕ دروستبووە و شەش کەسیان بە چەقۆ برینداربوون.
رۆژی شەممە 16-07-2022، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لەسەر شەقامی 100 مەتری لە هەولێر، شەڕ لە نێوان چەند کەسێک روویدا، دەستبەجێ پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت کە چەند کاسبکارێک لەسەر شوێنی کارکردن بووەتە شەڕیان و لە ئەنجامدا شەش کەس بە چەقۆ زامدار ببوون.
هۆگر عەزیز گوتی، "ئەوانەی شەڕیان کردووە، خزمی یەکدین و برینی بریندارەکانیش مەترسیدار نییە، شەڕەکەش لەسەر شوێنی ئاو فرۆشتن بووە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و چەند کەسێکیش بە تۆمەتی تێوەگلان لەو شەڕە دەستگیرکران و پەڕاوی یاساییان بۆ کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ