رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، دوایین کات بۆ تۆمارکردنی چەکی هاونیشتمانییان 21ـی تەممووزە و لە دوای ئەوەوە چەک بە قاچاخ دادەنرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی دەکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی تەممووزی 2023، لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوایین کات بۆ تۆمارکردنی چەک بەشێوەیەکی یاسایی رۆژی هەینی، 21ـی تەممووزە و بە پێچەوانەوە خاوەن چەک دەست بەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت و لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دەداتە ئەو کەسانەی چەکیان هەیە، کە لە کاتی تۆمارکردن و دوای تۆمارکردنیدا "دەستی بەسەردا ناگیرێت" و خاوەن چەک دەتوانێت چەکەکەی لەگەڵ خۆیدا بباتەوە ماڵەوە، مەگەر لەکاتێکدا چەکەکە تاوانێکی پێکرابێت.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، لە 22ـی تەممووزەوە هەر چەکێک تۆمار نەکرابێت وەکو چەکی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و خاوەنەکەی رووبەڕووی یاسا دەکرێت.
سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان تفاقکردنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بەپێی مادە 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکرا، بریتی دەبێت لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
وەزارەتی ناوخۆ 90 شوێنی دیاریکردووە بۆ تۆمارکردنی چەک، کە بەشێکیان ئەمانەی خوارەوەن:
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر:
- بنکەی پۆلیسی ئازادی – بەشی پۆلیسی ناوشار-رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی راپەڕین - بەشی پۆلیسی ناوشار- رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی عەنکاوە – قەزای عەنکاوە
- بنکەی پۆلیسی خەبات – قەزای خەبات
- بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە – قەزای شەقڵاوە
- بنکەی پۆلیسی پیرمام – قەزای پیرمام
- بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر – قەزای دەشتی هەولێر
- بنکەی پۆلیسی کۆیە – قەزای کۆیە
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی:
- بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ – بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی چوارچرا - بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی سەیدسادق – قەزای سەیدسادق
- بنکەی پۆلیسی شارەزوور – قەزای شارەزوور
- بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان – قەزای دەربەندیخان
- بنکەی پۆلیسی قەرەداخ – قەزای قەرەداخ
- بنکەی پۆلیسی ماوەت – قەزای ماوەت
- بنکەی پۆلیسی پێنجوێن – قەزای پێنجوێن
- بنکەی پۆلیسی شارباژێڕ – قەزای شارباژێڕ
- بنکەی پۆلیسی دووکان – قەزای دووکان
- بنکەی پۆلیسی چەمچەماڵ – قەزای چەمچەماڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک:
- بنکەی پۆلیسی نزارکێ – بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی ماڵتا - بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی بەردەڕەش – قەزای بەردەڕەش
- بنکەی پۆلیسی شێخان – قەزای شێخان
- بنکەی پۆلیسی سێمێل – قەزای سێمێل
- بنکەی پۆلیسی ئامێدی – قەزای ئامێدی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە:
- بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە – بەشی پۆلیسی دەوروبەر
- بنکەی پۆلیسی بیارە – ناحیەی بیارە
- بنکەی پۆلیسی سیروان – ناحیەکانی خورماڵ و سیروان
- بنکەی پۆلیسی بەمۆ – ناحیەی بەمۆ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ