رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 900 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە تۆمار کراون؛ دەشڵێت، رووداوی خنکان لە ئاودا زیادیکردووە.
رۆژی یەکشەممە 16-07-2023 سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی و هەوار جەلالەدین پێشکێشی دەکەن، رایگەیاند، "لە وەرزی هاویندا رووداوەکانی خنکان و ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکەن، بەتایبەتی ئەمساڵ ژمارەکە زۆر زیادی کردووە، هەفتانە چەندین رووداوی خنکان روودەدەن."
سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 902 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمار کراون، "کە هۆکاری زۆربەیان شۆرتی کارەبا، بەکارهێنانی نادروستی ئامێرە کارەباییەکان و خراپیی کوالێتیی ئەو ئامێرانە بووە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی، هەر دوێنێ شەممە، چوار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کراون و زیانێکی مادیی زۆریشیان لێکەوتووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە وەرزی گەرمای ئەمساڵدا 170 ئۆتۆمبێل سووتاون.
10 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێردا خنکاون
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تاوەکو ئەمڕۆ 34 کەس لە رووبار و چەمەکانی هەرێمی کوردستان خنکاون.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، 10 کەس لەکاتی مەلەکردندا لە سنووری پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە.
سەرکەوت کاڕەش پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، زۆرینەی ئەوانەی دەخنکێن تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 25 ساڵدایە، "بەڵام ئێستا لەو تەمەنەش کەمتر هەیە، هەفتەی رابردوو دوو رووداوی خنکان تۆمار کراون و هەردووکیان تەمەنیان 11 ساڵ بووە."
لە زۆرینەی چەم و رووبارەکان، بەتایبەت ئەو شوێنانەی گەشتیاران رووی تێدەکەن، تابلۆی قەدەخەکردنی مەلەکردن دانراوە، بەڵام زۆرکات لەلایەن گەشتیارانەوە دەشکێندرێن و لێدەکرێنەوە.
سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، لە قەزای خەبات لە دەوروبەری ئاوی زێی گەورە کە قەرەباڵخی دەبێت، تیمەکانی فریاکەوتن، بەتایبەتی لە رۆژانی پشوودا، بە بەردەوامی نێو ئاو و لێوارەکانی رووبار دەگەڕێن، "بەڵام ئەوانەی دەخنکێن، زیاتر لە شوێنە چۆڵ و دوورەدەستەکان مەلە دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ