رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی درۆنییەوە، نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە. داوای یارمەتیی بەرگری لە ئەمریکا دەکات و رەخنە لە بێدەنگیی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەگرێت.
رۆژی چوارشەممە، 16-07-2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "پێنج کێڵگەی نەوت کراونەتە ئامانج - لەنێویاندا دوو کێڵگە کە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەرهەمە "کارەبا دابین دەکات و حکومەت بەڕێوەدەبات. بەبێ ئەوە، مانەوەی هەرێم خۆی و ژێرخانەکەی لە مەترسیدایە."
عەزیز ئەحمەد ئەم هێرشانەی بە بەشێک لە "هەڵمەتێکی هەژمارکراو بۆ خنکاندنی ئابووری"ـی هەرێمی کوردستان ناوبرد کرد و گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەبەرهێنان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد. ئێستا، هەمان ئەو وەبەرهێنەرانە بۆ دەرەوە پاڵیان پێوە دەنرێت."
عەزیز ئەحمەد داوایەکی روونی ئاراستەی ئەمریکا کرد و نووسی: "هاوبەشە ئەمریکییەکانمان ماوەیەکی درێژە ئەو ئامرازانەیان پێنەداوین بۆ بەرگریکردن لە وزە و ژێرخانی مەدەنیمان پێویستە. ئێستا پێویستمان پێیانە تاوەکو بەرگری لە خۆمان بکەین، ئێمە بە وردی دەزانین کێ لەپشت ئەم هێرشانەوەیە و لە کوێوە دێن."
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هێرشانە دەخاتە پاڵ "میلیشیا تاوانکارەکان"، کە بە گوتەی ئەو مووچە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن.
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، عەزیز ئەحمەد نووسیویەتی: "هێشتا هیچ پەیوەندییەک لە وەزیر روبیۆوە نییە. ئێمە پێویستمان بە زیاتر لە قسەیە."
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 15 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. بەپێی بەدواداچوونەکە، شەش لەو هێرشانەی کراون، بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون، بە تایبەتی لە سنووری دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی چوارشەممە، لە راگەیێنراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لە رۆژانی 15 و 16ی تەممووزی 2025 کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەندامەکانی لە هەرێمی کوردستان. ئەپیکور رایگەیاند، زۆربەی کۆمپانیا ئەندامەکانی، بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ