کوردستان
ژمارەیەک خوێندکار لە زانکۆی سلێمانی. وێنەکە بۆ روونکردەوە لەسەر ئەم هەواڵە دانراوە، چونکە داوا دەکرێت مامۆستایانی گرێبەست و خۆبەخشی خوێندنی باڵا بکرێنە هەمیشەیی
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا رایگەیاند، دوای ئەوەی رێککەوتن کراوە کە نەوتی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، داواکانیان لە پەرلەمانی عێراقەوە دەگەیێننە بەغدا بۆ دامەزراندنی سەرجەم گرێبەست و خۆبەخشەکانی هەرێمی کوردستان.
هیوا سەمەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 2013ـەوە دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان راگیراوە، بەڵام لە عێراق دامەزراندن هەبووە و گرێبەستەکانیش کراون بە هەمیشەیی، مادام رێککەوتن کراوە دەبێت دامەزراندن هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە".
هیوا سەمەد دەڵێت، دووشەممە یاداشتی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە، خۆبەخشەکان و هەموو ئەو توێژانەی کراون بە گرێبەست دەکەنە پاکێجێک و لە رێگەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە دەگەیێننە بەغدا.
لە پاکێجی داواکاریی گرێبەست و خۆبەخشەکاندا داوای دامەزراندنی 38 هەزار مامۆستای گریێبەستی پەروەردە، 4 هەزار و 100 مامۆستایەی گرێبەستی خوێندنی باڵا، نزیکەی 10 هەزار خۆبەخش، 520 دانەمەزراوی بڕوانامە باڵا، نزیکەی 10 هەزار سێ یەکەمەکان، سێ هەزار مامۆستای ئایینیی خۆبەخش دەکرێت.
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا گوتی: "کە رێککەوتن کراوە و دابینکردنی مووچە و بودجە لە ئەستۆی بەغدایە، گرنگە شاندەکانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیان ئەوەش بکەنە مەرج، کە گەنجانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن و گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی هاوشێوەی عێراق".
بە گوتەی هیوا سەمەد، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق قسەیان کردووە و پێیان گوتراوە: "دەبێت داوای سەرجەم گرێبەستەکان و خۆبەخشەکان وەکو پاکێجێکی فەرمی لەلایەن شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێشکی بەغدا بکرێن".
هیوا سەمەد گوتی: "ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە دانوستاندنەکانیان ئەم جارە پاکێجی دامەزراندنی گرێبەست و خۆبەخشەکان ببەنە بەغدا و داوای دامەزراندنمان بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ