رووداو دیجیتاڵ
ئەو شەش کۆچبەرە کوردەی زیاتر لە مانگێک بوو لە لیبیا گیریانخواردبوو، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
یاسین ساڵح، برای یەکێک لە کۆچبەرەکانە و ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆچبەرەکان بە سەلامەت گەڕاونەتەوە و دۆخی تەندروستیی هەموویان باشە".
هەر 6 گەنجەکە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، پێنجیان دانیشتووی چوارقوڕنە و ئەوی دیکەش دانیشتووی سنووری شاورێیە.
یاسین ساڵح گوتی: "هەموو کۆچبەرەکان بە هاوکاری و پشتیوانیی د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق گەڕاونەتەوە. باس لەوە دەکرێ خێرخوازێک بە پارە هاوکاری کردبن، بەڵام ئەوە راست نییە".
دوێنێ بە سەرپەرشتیی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و بە هاوئاهەنگیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆچبەرەکان لە لیبیاوە بەڕێکەوتن.
ئەم کۆچبەرانەی سنووری ئیدارەی راپەڕین لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە؛ یەکێکیان دەڵێت: لە زیندان خواردن نەبوو، پۆلیسەکانیش پێمان پێدەکەنین
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 16, 2025
باسی دۆخی خۆیان لە زیندان دەکەن pic.twitter.com/gmS0SPkeAo
ئەحمەد سەحاف، سەرۆکی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی عێراق لە لیبیا هەینی بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 6 کۆچبەرمان تەواو کرد کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە هاوئاهەنگی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر".
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵێک و 8 مانگی دوای کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە تەرابلووس، 60 هاونیشتیمانی هەرێمی کوردستان کە کۆچبەری نایاسایی بوون و هەموویان گەنج بوون، گەڕێندراونەتەوە و خەڵکی شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
ئەو کۆچبەرانە بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا چوونە لیبیا، بەڵام لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ