رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان ئاهەنگێکی بەکۆمەڵ بۆ 450 بووک و زاوا لە دهۆک سازدەکات. کارگێڕی لقی یەکی حیزبەکە دەڵێ، بڕی 10 ملیۆن دیناریش وەک هاوکاری دەدرێتە هەر بووک و زاوایەک.
ئەمڕۆ شەممە 16-08-2025، بەبۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، ئاهەنگێکی بەکۆمەڵ بۆ 450 بوک و زاوا (900 کەس) بە ئامادەبوونی کەسوکاریان ساز کرا. لەوبارەوە یوسف سەبری، کارگێڕی لقی یەکی پارتی بە هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''ئەمە دیاریی جەنابی سەرۆکە بۆ گەنجان.''
بەگوتەی یوسف سەبری، خەرجیی ئاهەنگەکە لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێ و بڕی 10 ملیۆن دیناریش دەبەخشرێتە هەر بووک و زاوایەک.
کارگێڕی لقی یەکی پارتی گوتی، بووک و زاواکان لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سوودمەند دەبن، ''بە جۆرێک لە سنووری لقی یەک، 151 بووک و زاوامان هەن.''
وەک یوسف سەبری ئاماژەی پێکرد، رێوڕەسمەکە بەو شێوەیە دەبێت کە کاروانی ئۆتۆمبێلی بووک و زاواکان لە پارکێکەوە بەرەو خواردنگەی نێو زانکۆی دهۆک بەڕێدەکەون و کاژێر 19:00 ئاهەنگەکە دەستپێدەکات.
کارگێڕی لقی یەکی پارتی گوتی: ''لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، دیاریکردنی بووک و زاواکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی حیزبی، سیاسی، ئایینی و نەتەوەیی بووە و کورد، عەرەب، ئاشووری، کلدانی، سریانی، موسڵمان، ئێزدی و کریستیان تێیدا بەشدارن".
16ـی ئابی 1946 پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، سهرهتا ناوی "پارتی دیموكراتی كورد" بوو، دواتر له كۆنگرهی سێیهمدا له شاری كهركووك بڕیاردرا ناوی بكرێته پارتی دیموكراتی كوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ