رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری ژینگەی لوڕستان دەڵێ، هەوای شارەکانی پارێزگاکە پیسە، بۆیە هۆشداری بە کەسانی هەستیار و منداڵان دەدرێ.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئابی 2025، موجتەبا ئاهوور، جێگری بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "هەوای شارەکانی لوڕستان بەهۆی زۆربوونی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە لە ئاستی هۆشداریدایە و بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە".
موجتەبا ئاهوور گوتی: "ئەو تۆز و خۆڵەی لە دوێنێ هەینییەوە هاتووەتە هەوای پارێزگاکە بووەتەهۆی دابەزینی کواڵیتی هەوا. بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی ناچارن لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە دەمامک ببەستن".
موجتەبا ئاهوور ئاماژەی بەوەشکرد، هەوای پارێزگاکە بۆ کەسانی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە و پێویستە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ لە ماڵەکانیان دەرنەچن.
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای لوڕستان، پیسبوونی هەوا لە شارەکانی خوڕەمئاوا، کویەشت و رۆمیشکان زۆرترە و هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوایشی بۆ خۆڵبارین گەڕاندەوە و گوتی: "بەپێی لێکۆڵینەوەکان، سەرچاوی سەرەکیی خۆڵبارین دەرەوەی وڵاتە، بە تایبەت عێراق."
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ