سەرۆک بارزانی: پارتی لە هەموو قۆناخەكاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵتركردنی فرەلایەنی بووە

16-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، دامەزراندنی پارتی پێویستییەكی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی كوردستان لە بەرامبەر "پیلانی نەیار و داگیركارانی كوردستان كە بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی شكاندنی ئیرادە و بێدەنگكردنی خەباتی گەلی كوردستانیان دەدا". 
 
سەرۆک بارزانی لە یادی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان".
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە "پارتی لە هەموو قۆناخەكاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان بووە و لەوەدا رۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكانی مێژووی سیاسیی كوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە".
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بەبۆنەی 79مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم كادیر و ئەندام و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و هیوای ئاسوودەیی و سەربەرزییان بۆ دەخوازم.
 
دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا پێویستییەكی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی كوردستان لە بەرامبەر پیلانی نەیار و داگیركارانی كوردستان كە بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی شكاندنی ئیرادە و بێدەنگكردنی خەباتی گەلی كوردستانیان دەدا. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان.
 
لە یادی شازدەی ئاب و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە پارتی لە هەموو قۆناغەكاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان بووە و لەوەدا ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكانی مێژووی سیاسیی كوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە.
 
هەروەها پەیامم بۆ جەماوەر و لایەنگر و ئەندامانی پارتی ئەوەیە كە پارتی حزبی دۆز و بەها باڵاكانی گەلی كوردستانە و، پارتی حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستانە. بۆیە پێویستە هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی كوردستانە. داوا لە هەموو پارتییەكان دەكەم ئیرادە و هیوایان بەهێز بێ چونكە، پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێزە.
 
مسعود بارزانی
16ـی ئابی 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی.

ئەمڕۆ دوایین رۆژ بوو بۆ کۆنفرانسی گۆڕان؛ کەی دەیکەن؟

هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆی وەکو دواکات بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردبوو کۆنفرانسی گشتیی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە کۆنفرانس ناکات. بەرپرسێکیان دەڵێت: "سەرەتای ساڵی نوێ کۆنفرانسی یەکلاکەرەوە دەکرێ".