رووداو - سلێمانی
سێیەم خوولى پێشبڕکێى نیشتمانیى عێراق بۆ بیرکاریی هزرى لە زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچوو. پڕۆژەکە 300 قوتابیی تەمەن حەوت تاوەکو 17 ساڵانى لەخۆگرتبوو؛ لە ماوەى 10 خوولەکدا دەبوو فریا بکەون وەڵامى 200 پرسیار بدەنەوە، بۆئەوەى خەڵاتى براوە بەدەستبهێنن.
ئەیهەم قوسەى، پاڵەوانى پێشبڕکێکە گوتی، "لە پارێزگای نەینەواوە بەشداریم لە پێشبڕکێی سێیەمی خولی بیرکاری کردووە لە سلێمانی، توانیم ببمە پاڵەوانی پێشبڕکێکە، هەروەها لە رابردوودا توانیومە ریزبەندیی یەکەم لە پێشبڕکێی خولی دووەمی بەغدا بەدەستبهێنم لە عێراق."
پێشبڕکێکە پرۆگرامێکى نێودەوڵەتییە، پێشتر لە بەغدا و نەجەف دووجار ئەنجام دراوە؛ یەکەمجار بوو لە سلێمانى بەڕێوەبچێت.
لیا ئامانج، یەکێک لە یەکەمەکانی پێشبڕکێکە ئاماژەی بەوە کرد، "هەوڵێکى زۆرم لەگەڵدا، ساڵى پار لە عێراق دووەم بووم، ئەمساڵ یەکەمم هێنا."
قوتابییەکان 225یان لە 12 پارێزگاى عێراق و 75یان لە سلێمانى و هەولێرەوە بەشداربوون. نالى ئاکۆ، یەکێک لە یەکەمەکانی پێشبڕکێکە گوتی، "توانیم زۆرینەى پرسیارەکان وەڵام بدەمەوە و منیش بووم بە یەکەم لە ئاستى خۆم."
پێش دەستپێکى پێشبڕکێکە، زۆر کەس خۆى دانابوو یەکەم بێت. دڵخواز محەممەد، راهێنەرى بیرکاریى هزرى ئاماژەی بەوە کرد، "قوتابییەکەى من راهێنانێکى زۆرم پێکردووە و وامان داناوە یەکەم بەدەستبهێنێت."
کۆدۆ نۆزان، بەشداربووى پێشبڕکێکە گوتی، "مامۆستا بەڵێن و دایکم و مامۆستاى تایبەتیش راهێنانیان پێکردووم، بەنیازم یەکەم بم."
بیرکاریى هزرى، بە شێوەى خوولى هاوینە لەلایەن پەیمانگەیەکى تایبەتەوە فێرى منداڵان دەکرێت و بە سێ ئاست جیادەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ