رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا چوار سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش باس لەوە دەکات، لە شەڕێکدا چوار گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا چوار سەرباز کوژراون.
سوپای تورکیا هیچ راگەیێندراوێکی لەو بارەوە نییە و دوایین راگەیێندراوی لەبارەی شەڕی نێوانی لەگەڵ پەکەکە رۆژی 11ـی ئەیلوولی 2023 بڵاوکردوەتەوە و تێیدا دەڵێت، لە چەند هێرشێکی ئاسمانی و زەمینیدا لە هەرێمی کوردستان چوار گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 703 گەریلا و کوژرانی 105 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 22 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 386 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ