رووداو دیجیتاڵ
کرێکارێک لە کاتی کارکردندا لە سلێمانی کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران دەڵێت، کرێکارەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی 25 ساڵە.
رۆژی شەممە، 16ـی ئەیلوولی 2023، چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پڕۆژەی دروستکردنی پارک 77 لە شاری سلێمانی، کرێکارێک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا".
بە گوتەی چالاک رەئووف، کرێکارەکە ناوی وەحید عەوداڵە، تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. بەلام تاوەکو ئێستا دیار نییە خەڵکی کام شاری رۆژهەڵاتی کوردستانە.
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە دووەم مردنی کرێکارانە لە سلێمانی لەم مانگەدا تۆماری بکەن؛ گوتیشی، "هۆکارێکی گیانلەدەستدان نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی کرێکارە لەلایەن خاوەنی پڕۆژەکانەوە. هەندێکجاریش هۆکار دەگەڕێتەوە بۆ کرێکارەکە کە پابەندی خۆپاراستن نابێت".
تەرمی ئەو هاونیشتمانییە رەوانەی دادپزیشکی سلێمانی کراوە.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو 30 کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 24 کرێکاریش برینداربوون. تاوەکو ئەو کاتە زۆرترین کرێکار لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە کە 13 کرێکار بووە؛ دوای سلێمانی لە ئیدارەی گەرمیان 8 کرێكار گیانیان لەدەستداوە؛ لە هەولێر 7 کرێکار؛ دهۆک 1 کرێکار و لە زاخۆش کرێکارێک گیانی لەدەستداوە و گیانلەدەستدانی کرێکار لە هەڵەبجە تۆمار نەکراوە.
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شەش ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2022؛ 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021؛ 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020؛ 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019؛ 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018؛ 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017؛ 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016؛ 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ