رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکەن. هاوکات، سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" دەبینن.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی "چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان دانرا."
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
رۆژی پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند گەیشتنە بەغدا. شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکە بوون.
شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان جگە لە سوودانى، لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکى پەلەرمان، هەریەکە لە نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانى سەروەرى؛ حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانى نەسڕ؛ هادى عامرى ، سەرۆکى هاوپەیمانیی فەتح؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبوونەوە.
مەسروور بارزانی، دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەیان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنمان خستووەتەڕوو کە شایستە داراییەکان خەڵکی کوردستان دابین بکرێت، بۆ چارەسەری درێژخایەن؛ لەوانەیە پێویستی بە تەشریع و هەندێ گۆڕانکاری و هەموارکردنی هەندێ یاسا هەبێت، کە بەیەکەوە دواتر کاری زیاتری لەسەر دەکەین، بەڵام بۆ چارەسەری ئێستا، دیارە لە یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، هەر بۆ ئەم بابەتەش هەندێ پێشنیازمان خستووتەڕوو و پێشوازیی لێکراوە."
رۆژی هەینی، 15-9-2023 د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای سەردانەکەی دوێنێی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، 17ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگەکانی حەوت تاوەکو 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، واتە هەر مانگێک 800 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ تەرخانکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ