رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی دووەمی دووسایدی دێڵزیان لە قەزای سۆران دەستیپێکرد. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، هەفتەی داهاتووش بەردی بناخەی چەندین پڕۆژەی دیکە دادەنرێت.
رۆژی شەممە 16-09-2023 بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردی بناخەی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی دووسایدی دێڵزیان لە سنووری ناحیەی دیانای سەر بە قەزای سۆران دانرا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "دووسایدی دێڵزیان یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئیدارەکەیە کە ساڵی رابردوو دەستی پێکراوە و ئەمساڵیش کۆمپانیای هەڵبین، دەست بە قۆناخی دووەم و تەواوکردنی دووسایدەکە دەکات تاوەکو دەگاتە ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ."
وەکو هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێت، هەبوونی ئەو دووسایدە و پڕۆژە ستراتیژییەکانی دیکەی رێگەوبان، دەبێتە هۆی رێکوپێکبوونی هاتووچۆ لە سۆران و کەمبوونەوەی قەرەباڵخی لە رێگەکان.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینارە و یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئیدارەکەیە کە بە شێوەیەکی باشتر، ماستەرپلانی سۆران دەخاتە واری جێبەجێکردنەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ پڕۆژە نوێیەکان بەهۆی کێشەی دارایی لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا تەواو نەبوون، "بەڵام لە هەفتەی داهاتوودا بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژیی دیکەش دادەنرێن و هەوڵ دەدرێت بەر لە گەیشتنی وەرزی زستان، زۆرترین کار بکرێت."
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پێنج قەزای سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان و سیدەکان پێکهاتووە و بەگشتی نزیکەی 14 ناحیە لەخۆدەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ