دوای دەستگیرکردنی بازرگانانی مادەی هۆشبەر پشکنینەکانی گەشتی عومرە تووند دەکرێن

16-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ گەشتەکانی عومرە بەهۆی بردنی مادەی هۆشبەرەوە لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە، هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە، بەڵام رێکار و پشکنینەکان گۆڕدراون.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە، بەڵام وەکو پێشووتر نا، ئێستا لە گۆڕەپانی پشوودان لە دیوی عێراقەوە پشکنینەکان تووندکراون و پاسەکان دوو دوو بەڕێدەکرێن".
 
بۆ دەربازبوون بەرەو سعودیە لە دەروازەی عەرعەر لە دیوی عێراقەوە، هەر پاسێک لانیکەم نیو کاژێر بۆ 40 خولەک کاتی دەوێت تاوەکو بەڕێ دەکرێت.
 
کاروان ستوونی گوتی: "بێگومان لە سعودیەش پشکنین بۆ پاسەکان دەکرێت و زیاتر لە جاران بە وردی پشکنینەکان دەکرێن؛ ئێستا پشکنینەکانی هەردوو دیوی دەروازەکە بە هاوئاهەنگی یەکتر دەکرێت".
 
12ـی ئەیلوول، بەهۆی دەستبەرداگرتنی مادەی هۆشبەرەوە لە دەروازەی عەرعەر، زیاتر لە دوو هەزار عومرەکار کە زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروستبوو و نزیکەی 18 کاژێر مانەوە.
 
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی، "بەگشتی هاونیشتمانییان دەتوانن گەشتی عومرە بکەن و رێگەی هاتن و چوون ئاساییە، ئەوەی هەیە کەمێک لێپرسینەوەکان توندکراون".
 
عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، 15ـی ئەیلوول رایگەیاند، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای سلێمانی، دوو "گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی" هۆشبەر لە شاری مەدینەی سعودیە بە 142 کیلۆگرام مادەی کریستاڵی شلەوە دەستگیر کراون.
 
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) دوێنێ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دوو کەسانە خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینن، پێکەوە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیکەی 6 ساڵە خەریکی بازرگانیی مادەی هۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداو لە رێگەی پاسەکانی تایبەت بە حەج و عومرەوە مادەکانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە."
 
بە گوتەی عەقید سەلام، ئەو بڕە کریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە لە نێو یەکێک لە پاسەکاندا بووە و "بەهای ملیۆنێک و 270 هەزار دۆلارە".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.