رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، نووسینی هەر دەستەواژەیەک لەسەر جام و لاشەی ئۆتۆمبێل قەدەخەیە. گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت: "هەموو جۆرە جوانکاری و نووسینێک لەسەر ئۆتۆمبێل رێگەپێدراو نییە، تەنیا هەندێک رێکلام نەبێت، ئەویش دوای مۆڵەت وەرگرتن."
رۆژی دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "نووسینی هەر دەستەواژەیەک لەسەر جام و لاشەی ئۆتۆمبێل قەدەخەیە، چونکە دەبێتە هۆی راکێشانی سەرنجی شۆفێرانی دیکە و ئەگەری کەوتنەوەی رووداوی هاتووچۆی هەیە؛ هەرکەسێک ئەو کارە بکات، بە پێبژاردن سزا دەدرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی یاسای هاتووچۆ، پاشکۆی (أ) ماددەی (30) بڕگەی (ج)، ئەو کارە بە سەرپێچی دادەنرێت و سزای دارایی هەیە."
هاوکات بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتی: "هەر شتێک وەکو جوانکاری بۆ ئۆتۆمبێل بەکاربهێندرێت و لەسەری بنووسرێت، رێگەپێدراو نییە و سەرپێچیکار رووبەڕووی سزای پێبژاردن دەبێتەوە."
بە گوتەی بەهمەن عەبدوڵڵا،" تەنیا رێگە بە هەندێک ئۆتۆمبێل دەدرێت رێکلام بکەن، ئەویش دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ و جێبەجێکردنی رێکارەکانە".
لە هەرێمی کوردستان هەندێک شوفێر دەستەواژەی جۆراوجۆر وەکو ناوی خۆشەویستەکانیان، ناوی عەشیرەت یان کەسایەتییە سیاسییەکان، هەندێکجار ئیدیۆم و دێڕە شیعر لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەکانیان دەنووسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ