رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندانی شۆفێرانی بارهەڵگر لەسەر رێگەی کەرکووک-سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، خۆپێشاندەران هەوڵیاندا رێگەکە بەڕووی بارهەڵگرەکاندا دابخەن و داوای ئاسانکاری لە راییکردنی مامەڵەکانیان دەکەن.
شۆفێران لە دژی رێکارە ئەمنییەکانی بازگەکان گردبوونەوە، بەتایبەتی سۆنەری سەر شەقامەکە.
کاروان خەلیل جەوهەر، یەکێک لە شۆفێرەکانە و بە رووداوی گوت، "سۆنەرم لەسەر سنوور بینیوە، نەک لەناو شارەکاندا دابنرێت. مانگرتنمان بەردەوام دەبێت تاوەکو بازگەکە چاک دەکرێت و واز لە سوکایەتیکردن بە شۆفێران دەهێنرێت."
هەروەها محەمەد حوسێن، شۆفێرێکی دیکە، ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە تلیاک، مەشروب، یان ماددەی قەدەخەکراومان بار نەکردووە، تەنیا چیمەنتۆیە. ئەگەر من چیمەنتۆ نەهێنم، خەڵک چۆن دیوار دروست بکات و کۆنکرێتی رێگەوبانەکان بکات؟"
سەرکەوت محەمەد، شۆفێرێکی دیکەیە لە خۆپێشاندانەکە، ئەویش گوتی، "هەندێک کەس بە ئەزیەتدانی ئێمەوە نان دەخۆن و بۆ بەغدای دەنێرن. ئێمە رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر، بەڵام ئەوان هەر بە قاچاخ لە بازگەکەوە بارەکان بەڕێدەکەن."
ئەو شۆفێرانەی کە گردبوونەتەوە، رۆژانە بەرهەمی خۆماڵی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی باشوور و نێوەڕاستی عێراق دەگوازنەوە. ئەوان دەڵێن، ئەگەر بەرتیل بدەیت، بە هیچ جۆرێک راناگیرێیت و کەس قسەت لەگەڵ ناکات.
محەممەد حەبیب، شۆفێرێکی خەڵکی بەغدایە و دەڵێت: "لێرە سۆنەرە، لە سەرحەد سۆنەرە، لە بەغدا سۆنەرە، هەمووی سۆنەرە، لە کاتێکدا ئێمە تەنیا چیمەنتۆمان بارکردووە."
هاوکات، حەسەن وەهاب، شۆفێرێکی دیکەی بەغدایی، باسی لەوە کرد: "پارە بدەیت دەڕۆیت، بەخوا پارە نەدەیت ناڕۆیت و دەبێت رۆژێک یان دووان لە بازگەکەدا بخەویت."
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پارێزگاری کەرکووک داوای کردووە لیژنەیەکی باڵا لە بەغداوە سەردانی ناوچەکە بکات و لە دۆخەکە بکۆڵێتەوە. لەم نێوەندەدا، بەرپرسێکی ئەمنی هاتە لای خۆپێشاندەران و بەڵێنی چارەسەری پێدان، بەڵام شۆفێرەکان بە قسەکانی دڵنیا نەبوونەوە.
عەمید عەبدولقادر عەبدولخالق، فەرماندەی پۆلیسی فریاکەوتن بە خۆپێشاندەرانی گوت: "بەڕێز پارێزگار پەیوەندی بە سەرۆکایەتیی وەزیران و راوێژکاری وەزیرەوە کردووە. رێگەکە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەتاڵن دەکرێتەوە و چی دیکە لەوێ ناوەستن. سۆنەرەکەش 24 کاژێر کار دەکات. ئەوەی لەناو گۆڕەپانەکە روودەدات، ئیشی ئێمە نییە، ئەگەر دوو هەزار دینار دەدەیت، ئەوە پەیوەندی بە گومرگەوە هەیە."
ماوەی دوو رۆژە شۆفێرانی بارهەڵگر لە سەرانسەری عێراقدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە مامەڵەی بازگەکان، گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵایان راگرتووە و مۆڵەتیان داوەتە حکومەت تاوەکو رێگەچارەیەک بۆ کێشەکەیان بدۆزێتەوە.
سەرەڕای بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانەکەی سەر رێگەی کەرکووک-سلێمانی بە گوشاری هێزە ئەمنییەکان، بەڵام شۆفێران پێداگرن لەسەر بەردەوامیدان بە مانگرتنەکەیان تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ