رووداو دیجیتاڵ
عەتا حاجی عەلی، برای قادری حاجی عەلی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک رایگەیاندووە، تەندروستیی براکەی باشە و ئەو هەواڵانەی باس لە خراپیی دۆخی تەندروستی و هەندێکجاریش مردنی دەکەن، رەتدەکاتەوە.
عەتا حاجی عەلی بەیانیی رۆژی هەینی 16ی تشرینی یەکەم، رایگەیاندووە، سەردانی براکەیی کردووە و "تەندروستیی باشە" و هیوا دەخوازێت کە زوو چاک ببێتەوە.
دوای تووشبوونی قادری حاجی عەلی بە کۆرۆنا، رۆژی پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە قادری حاجی عەلی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدابێت، هەندێک هەڵسوڕاو و لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ناوبراویان بڵاوکردەوە و هیوایان خواست هەرچی زووترە تەندروستیی باش ببێت.
پێشتر کەسێکی نزیکی قادری حاجی عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرەتا قادری حاجی عەلی وایزانیوە پەتای وەرزییە، بۆیە درەنگ سەردانی نەخۆشخانەی کردووە".
قادری حاجی عەلی یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئێستا وازی لە بزووتنەوەکە هێناوە و لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، لە ئەدای بزووتنەوەکەیان نیگەرانن.
تووشبوونی ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان بە کۆرۆنا لەکاتێکدایە، بەرپرسانى تەندروستیى سلێمانى هۆشیاری دەدەن لە تەشەنەسەندنى زیاترى پەتای کۆڤید-19 لەو پارێزگایە. هێرش حەیدەر، سەرۆکى بۆردى رووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا لە سلێمانى رایگەیاند "ژمارەى ئەوانەى تووشی کۆرۆنا دەبن زۆر لەوە زیاترە کە بڵاودەکرێتەوە، مردنیش هەر زۆرە و دۆخەکە پڕ مەترسییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ