رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، بۆ زیاترکردنی سەوزایی، لە سنووری هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر نەمام بەسەر ماڵاندا دابەش دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەندازیار رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ زیاتر سەوزکردنی شارەکە و گرنگیدان بە ژینگە، بڕیارمان داوە لە سنووری هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر بێ بەرامبەر نەمام لە جۆری برەخت تەتۆنیا Brachitonia بەسەر ماڵاندا دابەشبکەین".
رێبین ئەحمەد گوتی، هەر شارەوانییەک هەزار نەمام دەدەنە هاونیشتمانیان، واتە بەگشتی شەش هەزار نەمام دابەش دەکەن.
هەڵمەتەکە ئەمڕۆ لە گەڕەکی شیخ ئەحمەد دەستی پێکرد. بەڕێوەبەری گشتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، "هاونیشتمانیان پێشوازییەکی باش لە هەڵمەتەکە دەکەن، ئەمەش نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیارییانە بەرامبەر بە ژینگە".
رێبین ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی ئەو نەمامانەی دابەشیان دەکەن بەرهەمی نێوخۆ و نەمامگەکانی سنووری هەولێرن.
ئەندازەی پارکەکان سەر بە شارەوانیی هەولێرە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی شارەوانییەکە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 8ـی ئایار، لەنێو هەولێر 77 هەزار و 389 گوڵ و نەمام لە 48 شوێندا چێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ