ئەمریکا پلانی ئیدارەیەکی سەربەخۆ بۆ غەززە دادەڕێژێت

16-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی باڵای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەیان کار دەکات بۆ دەستنیشانکردن و دامەزراندنی ژمارەیەک فەلەستینی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی تەکنۆکراتی غەززە و بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە لەدوای جەنگ.
 
رۆژی چوارشەممە، راوێژکارێکی باڵای ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوەدا، کاری لەپێشینەی ئەمریکا نەهێشتنی شەڕ و توندوتیژییەکانە لە غەززە، هەروەها زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان، گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکان و چەکداماڵینی غەززەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەک خەڵک پێوەندیان پێوەکردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی خۆجێی و تەکنۆکراتی غەززە دەربڕیوە، "چونکە درکیان بەوە کردووە، ئێستا بزووتنەوەی حەماس لە هەموو کاتێک لاوازترە." 
 
"بەربژێرانی حکومەتی غەززە و کەناری رۆژئاوا"
 
بەگوێرەی راپۆرتی میدیای ئەمریکا، هەندێک لە فەلەستینییەکان رایانگەیاندووە، ژیان لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین لەژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی فەتح، بە سەرۆکایەتیی مەحموود عەباس، وەکو ژیانە لە ژێر دەسەڵاتی مافیادا و زۆرێک لەوانەی دەیانەوێت ژیانێکی خۆشیان هەبێت، ناچارن روو لە ناوچەکانی دیکە بکەن. 
 
راوێژکاری ترەمپ رەخنەی تووند لە دەسەڵاتدارانی رامەڵڵا دەگرێت و دەڵێت "ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینییەکان لە تاراوگە دەژین و بەڕاستی دەیانەوێت ئازارەکانی گەلەکەیان کۆتایی پێبێت و لە هەوڵدان ببنە بەشێک لە حکومەتی تەکنۆکراتی غەززە."
 
ئەمە یەکەمجارە ئەمریکا بیر لە دەسەڵاتێکی جێگرەی حەماس و فەتح لە غەززە دەکاتەوە و لە کۆتاییدا ببنە ئیدارەیەکی نوێ بۆ کەرتی غەززە و رێگە بە فەلەستینییەکان بدات لەو بارودۆخە خراپەی تێیکەوتوون، رزگاریان بکەن.
 
راوێژکارەکەی ترەمپ رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی ترەمپ کە سەرپەرشتیی حکومەتی تەکنۆکراتی غەززە دەکات، لە کۆتاییدا بڕیار دەدات کێ سەرۆکایەتیی ئەو حکومەتە بکات و گوتیشی "ئەو حکومەتە رەنگە زۆر سەرکەوتوو بێت ئەگەر سەرکردەی گونجاو لەبەدەست بن و نیازیان باش بێت و هەوڵ بدەن سیستمێکی نوێ لەو کەرتە دابمەزرێنن، بە بەراورد لەگەڵ سیستمە کۆنەکە".
 
"فەلەستینییەکان غەززە بەجێناهێڵن"
 
راوێژکارەکەی ترەمپ دووپاتی دەکاتەوە، لە داهاتوودا خەڵکی غەززە ناچار ناکرێن ئەو کەرتە بەجێبهێڵن. پلانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەززە بە ئاشکرا دانی بەوە داناوە فەلەستینییەکان هاندەدرێن لە کەرتی غەززە بمێننەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی شوباتدا پێشنیازی ئەوەی کرد، ئەمریکا دەست بەسەر غەززەدا بگرێت و هەموو دانیشتووانی کەرتەکە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. هەرچەندە ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسند کرا، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە زۆرینەی دەنگ رەتکرایەوە و لە کۆتاییدا ترەمپ خۆی لەو دەستپێشخەرییە بەدوورخست. 
 
ئێستا ئەو راوێژکارەی ترەمپ باس لەوە دەکات، واشنتن گۆڕانکاری لەو پێشنیازەدا کردووە و دەڵێت "غەززەییەکان خەڵکی بەهێزن. ئەوان زۆر ئازاریان چەشتووە و خۆڕاگرن. ئەوان بۆ دواجار دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان و غەززە بەجێناهێڵن."
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، زۆرێک لە وڵاتان لەوانە ئیندۆنیزیا، پێشنیازیان کردووە هاوکار بن لە پێکهێنانی هێزی ئاشتیپارێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە.
 
سەبارەت بەو وڵاتانەی ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە هێزەکانی ئاسایشی غەززە، راوێژکارەکەی ترەمپ دەڵێت "ژمارەیەکی زۆر هەن. زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی. ئیمارات لە گفتوگۆدایە لەگەڵمان. بەدڵنیاییەوە میسر، وابزانم قەتەرییەکان قسەمان لەگەڵ بکەن. ئازەربایجان."
 
"چەکداماڵینی غەززە ئاسان نابێت"
 
راوێژکارەکەی ترەمپ دانی بەوەدا ناوە جێبەجێکردنی چەکداماڵینی کەرتی غەززە کارێکی ئاسان نابێت و دەڵێت "ئێستا ئێمە لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنداین، بەوەی چۆن بگەینە ئەو شوێنەی بە شێوەیەک لە شێوەکان هەمووان هەست بە سەلامەتی بکەن." 
 
سەرەڕای ئەوەش، ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ترەمپ، جەختی لەوە کردەوە، هەموو لایەک لەسەر ئەوە هاوڕان "هیچ پارەیەک بۆ بونیاتنانەوەی ئەو ناوچانە ناڕوات کە حەماس کۆنترۆڵی دەکات. سەرەتا، ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆلی حەماس دەرهێنراون ئاوەدان دەکرێنەوە و هیوادارین ئەو ناوچانە ببنە نموونە بۆ ناوچەکانی دیکە. لە چەند هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر پلانی چەکداماڵینی غەززە دەدرێت." 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.