رووداو دیجیتاڵ
دوو هەفتە بەسەر بانگەشەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستا 39 سەرپێچی تۆمار کراون، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە.
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد، لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوە بچێت.
مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەوەتەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 16-10-2025 لە هەولێر 38 سەرپێچی تۆمار کراون،لەو 38 سەرپێچییە، 32ـیان دوای ئاگادارکردنەوە سەرپێچییەکانیان لابردووە ،ئەوانی دیکەش بە پێبژاردن سزا دراون."
لەبارەی جۆری سزای پێبژاردنەکە، بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت: "ناویان لە لیستێکدا دەنێردرێت بۆ بەغدا و ئەوان بڕی پێبژاردنەکە بەپێی جۆری سەرپێچییەکە دیاری دەکەن."
لە هەولێر، ملیۆنێک و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 108 بەربژێر رکابەری لەسەر 16 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
"لە دهۆک هیچ سەرپێچییەک تۆمار نەکراوە"
پێچەوانەی هەولێر، لە دهۆک لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هیچ سەرپێچییەک لە پارێزگاکە تۆمار نەکراوە،خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "لایەنەکان پابەندی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنن، هیچ سەرپێچییەک تاوەکو 16-10-2025 تۆمار نەکراوە."
لە پارێزگای دهۆک، 945 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 59 بەربژێریش رکابەری دەکەن.
سەرپێچی بانگەشە لە سلێمانی کەمتر بووەتەوە
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا تەنیا یەک سەرپێچی تۆمار کراوە، ئەویش جووڵانەوەی نەوەی نوێ بووە، بەهۆی شێوازی بانگەشەکەیان کە لە دەرەوەی رێنماییەکان بووە و شوێنی فلێکسەکانیان هەڵە بوون ،سەرپێچییەکەش بۆ بەغدا نێردراوە."
بە گوتەی ئامانج عەزیز،بەراورد بە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان سەرپێچی زۆر کەمترە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە ، پێش بانگەشە هەموو ئامادەکارییەک کرابوو، هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ شارەوانی هەبوو ،هەموو رێنماییەکانی هەڵبژاردنمان بڵاوکردەوە تاوەکو پێیەوە پابەند بن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە، هەروەها بەربژێریش کەمترن لە چاو هەڵبژاردنی دیکە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە.''
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 136 بەربژێر رکابەری لەسەر بردنەوەی 18 کورسیی پەرلەمان دەکەن، 9 پارتی سیاسی و چوار بەربژێری سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن و زیاتر لە ملیۆنێک و 535 هەزار دەنگدەریش لە پارێزگاکە هەن.
کورسی بازنەکانی هەرێمی کوردستان
هەولێر: 15 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
سلێمانی: 18 کورسیی
دهۆک: 11 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ