رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر نرخی بەنزینی نۆرماڵ بەرز بووەوە. بازرگانێکی سووتەمەنی دەڵێت، لەدوای هەناردەکردنی نەوتەوە نرخەکە بەرزبووەتەوە، چونکە سووتەمەنی کەمە.
جەنگی مەجید، خاوەنی بەنزینخانە و بازرگانی سووتەمەنی لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی کوالێتیی بەرزی نۆرماڵی کۆمپانیای کار، لە نێوان 935 بۆ 940 دینارە".
ئەو بەنزینەی ئەمڕۆ بە 935 دینارە، هەفتەی رابردوو بە 900 بۆ 910 دینار بوو.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەوە جەنگی مەجید گوتی: "ئەو پشكەی بۆ بەنزینی نێوخۆ دیاریکراوە دوای هەناردەکردنەوەی نەوت کەمە و ئەگەر زیاد بکرێت نرخ دادەبەزێت".
جیا لە بەنزینی بازرگانی، رۆژانە لە ژمارەیەک بەنزینخانەی هەولێر بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت لیتری بە 750 دینار.
لە سلێمانی چەند مانگێکە نرخی بەنزینی نۆرماڵ جێگیرە و لیتری بە 900 دینارە، جگە لە بەنزینی حکومی لەوێش لیتری بە 750 دینارە.
لەبارەی هۆکاری جیاوازی نرخەکەوە جەنگی مەجید گوتی: "کواڵیتی بەنزین جیاوازە، لێرەش بەنزینی نۆرماڵی باش هەیە لیتری بە 890 دینار دەفرۆشرێت".
ئەو بەنزینە نۆرماڵەی لە هەولێر دەفرۆشرێت بەرهەمی نێوخۆی کۆمپانیاکانی کار و لانازە.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەن و لیتریان لەنێوان هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 400 دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ