رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی کردووە بۆ ئەوەی دابەشکردنی نەوت و گاز بکرێتە ئەلیکترۆنی؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''ئامانج لەم کارە، دادپەروەری و کەمکردنەوەی رۆتینە کە 450 هەزار خێزان لێی سوودمەند دەبن.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-10-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، واژۆکردنی گرێبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی کارتی دابەشکردنی سووتەمەنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناشڤیڵی ئەمریکا راگەیاند.
ئومێد خۆشناو گوتی: ''پڕۆژەکە لەپێناو جێبەجێکردنی دادپەروەری و کەمکردنەوەی رۆتینە لە سنووری پارێزگای هەولێر. ئەوە یەکەم کاری هاوبەشە لەدوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و ناشڤیڵ، بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانیان.''
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دروستکردنی کارتە ئەلیکترۆنییەکانی دابەشکردنی نەوت و گازی ماڵان دەکرێت ''کە لە قۆناخی یەکەمدا 450 هەزار خێزان لە پارێزگاکە لێی سوودمەند دەبن.''
وەک ئومێد خۆشناو دەڵێ، بەئەلیکترۆنیکردنی کارتی دابەشکردنی سووتەمەنی هیچ تێچوویەکی بۆ هاووڵاتییان نییە و ''تەنیا یەکەمجار بۆ دروستکردنی کارتەکە، پێنج هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، دواتر نوێکردنەوەی پێویست نییە.''
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، تێچووی گواستنەوە و گەیاندنی سووتەمەنی، دوای بەئەلیکترۆنیکردنی کارتەکەش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و پاڵپشتیکراوە.
کارتەکە بە شێوەیەک کاردەکات کە تێیدا پشکی نەوت و گازی خێزانەکان دیاری کراوە. بریکارەکانی دابەشکردنی سووتەمەنیش ئامێرێکی تایبەت بە خوێندنەوەی کارتەکەی لایە، واتە هاوبەشان لە هەر شوێنێک نەوت یان گاز وەربگرن، لە کارتە ئەلیکترۆنییەکەدا تۆمار دەکرێ. ئومێد خۆشناو دەڵێت: ''بەو شێوەیە نە مافی هیچ هاووڵاتییەک پێشێل دەکرێ و نە هیچ کەسیش دەتوانێ لە پشکی خۆی زیاتر سووتەمەنی وەربگرێ.''
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەو ماوەیە کرد کە بۆ دابەشکردنی کارتەکان بەسەر خێزانەکاندا پێویستە و گوتی: ''لەو 450 هەزار خێزانەی کە پسووڵەی دابەشکردنی خۆراکیان هەیە، کۆمپانیای جێبەجێکار رۆژانە 15 هەزار کارتیان بۆ دروست دەکات، بەو شێوەیە دوای قۆناخێک (30 رۆژ) سەرجەم خێزانەکان دەبنە خاوەنی کارتی ئەلیترۆنیی خۆیان''.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێ لە داهاتوودا کارتی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی بەنزینیش بەکاربهێنرێت.
13ـی تشرینی یەکەم، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی لە ناوچە شاخاوییەکان راگەیاند. ئومێد خۆشناو دەڵێت، هەوڵ درا کە بۆ ئەم ساڵ، دابەشکردنی نەوت لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بێ، بەڵام بەهۆی تێپەڕکردنی رێکارە یاساییەکانی گریبەست لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار، پڕۆسەکە دواخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ