رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بڕیاری دادگەی عێراق بۆ نوێنەکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن بە "بڕیارێکی سەرسوڕهێنەر" ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکە لەدژی "دژی رێکترین و باشترین کەرتە لە هەموو عێراق".
رۆژی یەکشەممە دادگای کەرخی بەغدا بڕیاریدا گرێبەستی کۆمپانیاکانی گەیاندن لە عێراق دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەیان لە ساڵی 2022 نوێنەکرێتەوە، چونکە پابەندی یاساکان نەبوون و باجێکی زۆریان لەسەر کەڵەکەبووە و نەیانداوە.
کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی دادگەی عێراق دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن تاکە کۆمپانیان کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن ملیۆنەها دۆلاریان بە دەوڵەت داوە و "کۆمپانیاکانمان بەهاوبەشی دەوڵەت دادەنرێن"
لە بڕیارەکەی دادگەی کەرخ دا هاتبوو، کۆمپانیاکان، کە ئاسیا و زین ـش دەگرێتەوە، سکاڵا لە دژیان تۆمارکراوە، "سەرپێچیی زۆریان کردووە و قەرزێکی زۆری دەوڵەتیان لەسەرە، کە تائێستا نەیانداونەتەوە".
ئەو کۆمپانیایانە بە گوتەی کۆڕەک تیلیکۆم، سێ جۆر باج دەدەن، ئەوانیش:
- %15ـی کۆی داهات
- %15ـی کۆی قازانج
- %20ـی کۆی داهات وەکو باجی فرۆشتن
کۆڕەک تیلیکۆم پێی وایە، بڕیاری نوێ نەکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن زیانی سەرەکی بە هاووڵاتیان دەگەیێنێت و "دەبووایە لەکاتی دەرکردنی بڕیارێکی لەمجۆرە پێشنیازێکی باشتریان پێشکەشیان بکردایە، کە ئاشکرایە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە جگە لە درێژکردنەوە".
لە نووسراوی بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوە لە کەرخ لە بەغدا، کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە و بەرواری ئەمڕۆی لەسەرە، هاتووە: "ئەنجوومەنی وەزیران مافی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی مۆبایلی نییە، ئەو گرێبەستانەش لە ساڵی 2007 واژۆکراون، لە ساڵی 2022 یش کۆتاییان دێت، هیچ بڕگەیەکیش لە دەقی گرێبەستەکاندا نییە بەناچاری نوێیان بکاتەوە، بەڵکو داواکاریی نوێکردنەوەیان بەندە بە دانوستاندن، مەرجیشە پابەندی هەموو مەرجەکان و دەقەکانی گرێبەستی یەکەم بن، ئەوەش بەدینەهاتووە".
دادگەکە ئاماژەی بە دەقی ماددەی 3ـی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی سامانی دەوڵەت ژمارە 21ـی ساڵی 2013داوە کە دەڵێت فرۆشتنی هەر سامانێک یان خزمەتێک و هەر شتێکی دیکە کە دەوڵەت خاوەنێتی دەبێ تەنیا بەڕێگەی زیادکردنی ئاشکرا بکرێ، دەستەکە و ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستە ئەسڵییەکاندا لە ساڵی 2007 ئەوەیان کرد، هەروەها لە فرۆشتنی مۆڵەتەکانی نەوەی سێیەمدا بە 307 ملیۆن دۆلار بە هەر کۆمپانیایەک لە ساڵی 2013 ئەوە رەچاوکرا، پێچەوانەی ئەوەی کە ئێستا دەستەکە کردی و مۆڵەتی نەوەی چوارەم و پێنجەمی بە کرێیەکی کەم و رەنگە بەبێ کرێی راستەقینە بەخشییە کۆمپانیاکان "ئەوەش بەهەدەردانی سامانی گشتییە".
کۆڕەک تیلیکۆم باس لەوەش دەکات، لەسەر داواکاریی حکومەت و دەستەی پەیوەندییەکان، سەدان ملیۆن لەسەر تۆڕی 4G خەرج کراوە. هاوکات "کۆڕەک تیلیکۆم بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئەوەی هەمیشە باشترین خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی عێراق دابین بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ