رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی ئەم ساڵ و بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کەرتی کشتوکاڵ لە دەشتە بەپیتەکانی زرارەتی و بەڕانەتی بووژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
گەشەی قەدی گەنم لەو ناوچانە گەیشتووەتە ئاستێکی باش و باڵای زیاتر لە مەترێکە، ئەمەش نیشانەی ساڵێکی پڕ بەرهەمە.
جووتیارانی ناوچەکە، ئاماژەیان بەوە کرد، بارانی بەهاری ئەم ساڵ لە دوای ساڵانی هەشتاکانەوە وێنەی نەبووە و لە کاتێکی گونجاودا باریوە کە دانەوێڵە لە قۆناخی گەشەکردندا بووە. ئەم رێژە زۆرەی بارانبارین بووەتە هۆی ئەوەی گەنم بە شێوەیەکی سرووشتی و بەهێز گەشە بکات، ئەمەش نەک تەنیا بڕی بەرهەم زیاد دەکات، بەڵکو کوالێتیی بەرهەمیش بەرز دەکاتەوە.
دلێر زراری، جووتیارێکی ناسراوی دەڤەرەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانی ئەم ساڵ بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانی جووتیاران کەمکردەوە. بەهۆی بەردەوامیی باران، پێویستمان بە بەکارهێنانی سیستمی ئاودانی پرژێنەر و ئاوی بیر نەبوو، ئەمەش تێچووی وزە، سووتەمەنیی و کارەبای نەهێشت."
ئەو جووتیارە جەختی لەوەش کردەوە، بەهۆی گونجاویی کەشوهەواوە، پێشبینی دەکرێت رێژەی بەرهەمهێنان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزببێتەوە و ئەم ساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنمی چێندراو، "ئەگەری هەیە نزیکەی 20 تۆن بەرهەمی هەبێت."
دەشتی زرارەتی و بەڕانەتی، بە یەکێک لە ناوەندە ستراتیژییەکانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و ساڵانە بەشێکی زۆری پێداویستیی ناوخۆیی گەنم دابین دەکات. زیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لەم ساڵدا، نەک تەنیا داهاتی ناوخۆیی و داهاتی جووتیاران زیاد دەکات، بەڵکو کاریگەریی ئەرێنیشی لەسەر سەقامگیریی بازاڕی دانەوێڵە، کەمکردنەوەی هاوردەکردن و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا دەبێت.
بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییانەی لە ڕێژەی بارانباریندا روویانداوە، چاوەڕوان دەکرێت وەرزی دروێنەی ئەم ساڵ ببێتە یەکێک لە پڕبەرهەمترین وەرزەکان لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ