رووداو دیجیتاڵ
ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بۆ ئەو گەنجانە دەستپێدەکات کە لە ساڵی 2008 لەدایکبوون. ئامانج لێی ئەوەیە ئەو گەنجانە ناویان لە سیستمەکەدا جێگیر بکرێت و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا مافی دەنگدانیان هەبێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممە 20-04-2026ـەوە، بنکەکانی تۆمارکردن لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕووی ئەو گەنجانەدا کراوەن کە گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی دەنگدان و لە ساڵی 2008 لەدایکبوون.
بەگوێرەی ئاگادارییەکەی کۆمیسیۆن، هاونیشتمانییان دەتوانن لە رۆژانی یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە، لە کاژێر 08:30ی بەیانی تاوەکو 03:00ی پاشنیوەڕۆ سەردانی بنکەکان بکەن بۆ جێگیرکردنی ناوەکانیان لە سیستەمی بایۆمەتریدا.
پێویستە ئەو کەسانە لە کاتی سەردانیکردندا، ئەم بەڵگەنامە رەسەنانە (ئەسڵ) لەگەڵ خۆیان ببەن:
1- کارتی نیشتمانی.
2- کارتی زانیاری.
3- فۆرمی خۆراک.
ئەم هەنگاوەی کۆمیسیۆن لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی ساڵانەی تۆماری دەنگدەراندایە، بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەی تازە دەبنە خاوەن مافی دەنگدان، کارتەکانیان بۆ چاپ بکرێت و لە هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی داهاتوودا بێبەش نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ