گوتەبێژی پارتی: بارودۆخی عێراق و ناوچەکە شێواوە و پێشبینی هەژانێکی گەورە دەکرێت

16-11-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواپێشهاتەکانی دۆخی سیاسی عێراقەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت".
 
هەروەها لادانی محەممەد حەلبووسی لە ئەندامێتیی و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە هۆکارێک دەزانێت کە "ئاڵۆزییەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، مەحموود محەممەد، گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە.
 
بە دەق تێیدا هاتووە، "بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت، لەم دۆخەدا بەرپرسیاریەتى سەرشانى سەرجەم هێز و لایەنە عێڕاقییەکان بەگشتى و لایەنە پێکهێنەرەکانى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەتە بەتایبەتى، وردتر هەڵسەنگاندن بۆ رەوشەکە بکەن بەتایبەتى رووداوى دوا بڕیارى دادگاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى لادانى سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان کە ئاڵۆزییەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان ئەوەبوون ئەو ئاڵۆزیی و کێشانەى کە هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکە بکرێت بەجۆرێک کە ئاشتى کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە".
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
 
رۆژێک دواتر، محەممەد حەلبووسی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا گوتى، "ئەرکی دادگەی باڵای فیدراڵی پاراستنی دەستوورە، بەڵام خۆی ئەوەی پێشێل کردووە و ناتوانێت ئەندامیێتیی هیچ کەسێک لە پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ مادەى 52ـى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان".
 
حەلبووسی لە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق ناتوانێت سەرۆکایەتیی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات،.
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیێندراوەکەیدا، باس لەوە دەکات، "پارتیمان، بە پەرۆشەوە لە رەوشەکە دەڕوانێت و نیگەرانى دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانین، بۆیە بە پێویستى دەزانین دۆخى عێراق لە رووى سیاسیی، ئەمنیی، ئابووریى و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانى ناوچەکەوە لەبەرچاوبگیرێت".
 
هاوکات، داوا دەکات بەگوێرەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن، "بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت بۆ رێکخستنەوەى بارودۆخەکە لە روانگەى دەستوورى هەمیشەیی و جێبەجێکردنى ماددە و بڕگەکان و پڕنسیپەکانى رێککەوتنى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت و کارنامەى حکومەتى فیدراڵیى، بە تایبەتى بڕگەکانى پەیوەست بە ئەنجوومەنى فیدراڵیى و دادگاى فیدراڵیى. هەروەها بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانى بونیاتنانى عێراقێکى نوێ (شەراکەت، تەوافق، تەوازن) و سەروەرى دەستوور بچەسپێنرێت کە تاکە زامنى پێکەوەژیان و سەقامگیرى و پێکەوەیى عێراقە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە