رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی سەرپێڵی زەهاو کێشەی کەمی پزیشک و کەرەستەی پزیشکی هەیە و دانیشتووانی شارەکە دەڵێن، بۆ بینینی پزیشک دەبێت چەند کاژێر لە نۆرەدا بوەستن.
بەپێی ئەو وێنانەی لە نێو نەخۆشخانەی شاری سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشان بڵاوکراونەتەوە، لەو نەخۆشخانەیە تەنیا یەک پزیشک هەیە و خەڵک بۆ سەردانی پزیشکەکە دەبێت ماوەیەکی زۆر لە نۆرەدا بمێننەوە. ئەوان دەڵێن، بوونی یەک نەخۆشخانەی گشتی لە شارێکدا کە نزیکەی 50 هەزار کەس دانیشتووی هەیە و لە نەخۆشخانەکەشدا یەک پزیشک هەبێت، کێشەیەکی گەورەیە.
پەیمان لەتیفی، دانیشتووی سەرپێڵی زەهاو دەڵێت، زۆر جار ئەو یەک پزیشکەش لە نەخۆشخانەکە نییە و پەرستار نەخۆشەکان چارەسەر دەکەن.
هەروەها رەزا کەریمی، دانیشتووی شاری سەرپێڵی زەهاو دەڵێت، بۆ وەرگرتنی هەر دەرمانێک بچنە دەرمانخانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە پێیان دەڵێن نییە، بەڵام لە دەرمانخانەکانی نێو شار بە پارە هەیە و دەتوانن بیکڕن.
نەخۆشخانەی گشتیی سەرپێڵی زەهاو لە ساڵی 1992 وەکو پڕۆژەیەکی خێرخوازی لەلایەن خاچی سووری ئەڵمانیاوە کراوەتەوە، بەڵام لەلایەن زانکۆی پزیشکیی کرماشانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە بوومەلەرزەی ساڵی 2017ـی ئەو ناوچەیەدا، زیانی زۆر بە نەخۆشخانەکە گەیشت و تاوەکو ئێستا بەشێکی نۆژەن نەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ