نوێنەرێکیان: سێ هەزار وانەبێژی خوێندنی باڵا مووچەی شەش مانگی پارمان وەرنەگرتووە

16-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا کە ئێستا کراون بە گرێبەست دەڵێت، کرێی وانەبێژیی شەش مانگی پاریان وەرنەگرتووە. بەرپرسێکی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەوان رێکارەکانیان تەواو کردووە و بانکەکان دەڵێن "پارە نییە".
 
محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی ئەو مامۆستایانە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پار تاوەکو لە 28-10-2024 کراینە گرێبەست، تەنیا سێ جار کرێی وانەبێژیی ئەو ساڵەمان وەرگرت".
 
بە گوتەی نوێنەرەکەیان، ساڵی رابردوو مانگەکانی چوار، پێنج و شەش، هەروەها مانگەکانی هەشت، نۆ و 10ـی لە ساڵی 2024 کرێی وانەبێژییان وەرنەگرتووە. مانگەکانی شەش و حەوت پشووی هاوینە بووە و کرێ هەژمار ناکرێت.
 
محەممەد نەجیب گوتی: "لە زانکۆکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەشێکی وانەبێژان پارەی ئەو مانگانەی وەرگرتووە، زیاتر کێشەکەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بووە".
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نەدانی کرێی وانەبێژەکانی ئەو مانگانەی ساڵی رابردوو گشتیی بووە نەوەکو پارێزگایەک و دووان و ژمارەیان زیاترە لە 3 هەزار کەس، ئێمە رێکارەکانمان بۆ کردوون، زانکۆکان پارەیان کردووە بە چەک و چوونەتە بانک گوتراوە پارە نییە".
 
توانا نەجەف گوتی: "دوو جۆر بودجەمان هەیە، بودجەی ئاسایی و ئەو بودجەیەی لەسەر داهات خەرج دەکرێت، کرێی ئەو وانەبێژانە لەسەر بودجەی ئاسایی بووە و بۆ دابەشکردنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران پێویستە، بۆیە ئەوەی لەسەر ئەستۆی وەزارەتمان بووە جێبەجێ کراوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "دابەشنەکردنی کرێی وانەبێژان پەیوەندی بەو دۆخە داراییەی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە، تەنیا کرێی ئەوان نەبووە و بەشێکی مامۆستاکانیش مووچەیان پێ نەدراوە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.