رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی 80٪ـی کتێبخانەی زەیتوون دەکرێتەوە و هەر ئەم مانگەش زیاتر لە 18 هەزار کتێبی عەزیز گەردی بۆ ئەوێ دەگوازرێنەوە.
مانگی تەممووز جاڕدانێک سەبارەت بە فرۆشتنی ئاشکرای کتێبخانەی د. عەزیز گەردی بڵاوکرایەوە. دادگەی بەرایی عەنکاوە، رۆژی 17ی ئابی 2025 لە دانیشتنێکی کراوەدا بڕیاری لەسەر فرۆشتنی کتێبخانەکەی د. عەزیز گەردی دا. وەزارەتی رۆشنبیری، کتێبخانە، ئەرشیف و دەستنووسەکانی عەزیز گەردی بە 136 ملیۆن دینار لە میراتگرەکانی کڕییەوە.
رۆژی یەکشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2025، ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای کڕینەوەی دەستنووس و کتێبەکانی عەزیزی گەردی، بڕیاردرا بۆ کتێبخانەی زەیتوون بگوازرێنەوە کە کتێبخانەکە لەلایەن کۆرییەکانەوە نۆژەندەکرێتەوە و بڕیارە سبەی 80٪ـی بکرێتەوە. هەندێک وردەکاری ماوە، ئەویش ئەم مانگە تەواو دەبێ."
بە گوتەی ئاریان سەلاحەدین، دوای تەواوبوونی کتێبخانەکە، هەر لەم مانگەدا کتێب و ئەرشیفەکانی عەزیز گەردی لە هۆڵێکی تایبەت لە کتێبخانەکە دادەنرێن.
زیاتر لە 18 هەزار و 600 کتێبی عەزیز گەردی لەلایەن لیژنەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە تۆمارکراون و دەگوازرێتەوە بۆ کتێبخانەکە. بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند: "کتێبەکان لە بەحرکەوە دەگوازرێنەوە بۆ کتێبخانەی زەیتوون. هەوڵماندا خانووەکەشی بکڕین و هەر لە شوێنی خۆی وەک مۆزەخانەیەک بیخەینە خزمەتی هاووڵاتییان، بەڵام میراتگرەکانی خانووەکەیان فرۆشتبوو."
رۆژی 20ی ئابی 2025، وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "سەرجەم دەستنووس، کتێبخانە و ئەرشیفی مامۆستا عەزیز گەردییان کڕییەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بخرێنە خزمەتی سوودی گشتی و دەستنووسەکانی چاپ و بڵاوبکرێنەوە."
عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، رۆژی 6ی حوزەیرانی 2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
عەزیز گەردی، کە ناوی تەواوی عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵایە، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبوو و لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژیا؛ ژیانی هاوژینیی پێکنەهێنابوو.
عەزیز گەردی هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو و لە هەرزەکارییدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکرایەوە کە کتێبی رەوانبێژییە؛ دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. عەزیز گەردی لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 دکتۆرای بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ