کوردستان
کەشتیی جێراڵد فۆرد، گەورەترین فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە کەناراوەکانی نەرویج لە مانگی 9ی 2025. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
پێشکەوتووترین فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە دەریای کاریبی و ئەوەش بووەهۆی دروستبوونی پرسیاری زیاتر لەبارەی ئەوەی، ئایا ئەم جووڵە سەربازییە چ پەیامێکی هەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە. ئەمە لە کاتێکدایە، ڤەنزوێلا جووڵەکە بە تاکتیکێکی گوشار دژی خۆی دەبینێت.
رۆژی یەکشەممە 16-11-2025 سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەشتیی جێراڵد فۆرد گەیشتووەتە دەریای کاریبی.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە ئەمریکا لانیکەم 80 کەسی لە 20 هێرشی سەر بەلەمە بچووکەکان لە دەریای کاریبی و زەریای هێمن کوشتووە، کە بە گواستنەوەی مادەی هۆشبەر تۆمەتبارکراون.
کەشتیی فۆردی فڕۆکەهەڵگر هەر خۆی تەنیا نییە، بەڵکو دەیان کەشتیی دەریایی دیکەی لەگەڵە و نزیکەی 12 هەزار سەرباز لەخۆدەگرێ. پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ناوی لە ئۆپەراسیۆنەکە ناوە (رمی باشوور).
هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاندووە، گرووپی هێرشبەری فۆرد کە فڕۆکەی جەنگی و کەشتیی مووشەکهاوێژی تێدایە، بەیانیی رۆژی یەکشەممە بە گەرووی ئەنێگادادا تێپەڕیوە لە نزیک دوورگەکانی ڤێرجنی بەریتانی.
پۆڵ لانزیلۆتا، فەرماندەی گرووپەکە دەڵێ، فڕۆکەهەڵگرەکە هێزی زیاتر دەدات بەو کەشتیگەلە ئەمریکییەی لەوێیە بۆ "پاراستنی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی نەتەوەکەمان دژی تیرۆری مادە هۆشبەرەکان لە نیوەگۆی رۆژئاوا."
ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە جووڵەی کەشتییە جەنگییەکان بۆ راگرتنی رەوتی مادە هۆشبەرەکانە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بڵاونەکردووەتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکانی کە ئەو کەسانەی لە بەلەمەکاندا کوژراون، "تیرۆریستی مادە هۆشبەرەکان" بوون.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، کردەی سەربازی فراوانتر دەکات و باس لەوە دەکات کە ئەمریکا "رێگری لە هاتنی مادە هۆشبەرەکان لە رێگەی وشکانییەوەش دەکات."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، وڵاتەکەی دان بە مادورۆدا نانێت، چونکە بە ساختەکاریی هەڵبژاردنی ساڵی 2024 تۆمەتبارە و حکومەتەکەی ڤەنزوێلای بە "رێکخراوێکی گواستنەوە" ناوبردووە کە بە ئاشکرا هاوکاریی بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەکات.
مادورۆ دەڵێت، حکومەتی ئەمریکا خەریکی "دەستپێکردنی" جەنگێکە دژی. حکومەتی ڤەنزوێلاش رایگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆری سەربازی و سڤیلی بۆ بەرگریکردن لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا ئامادە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ