رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەفسەرێکی سەردەمی بەعسیان دەستگیر کردووە کە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە دەستهەبوون لە ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا ناوە. دادوەرێکی خانەشین دەڵێت، دانیشتنی یەکەمی دادگاییکردنەکەی 27ـی تشرینی دووەم لە دادگەی باڵای تاوانەکان لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-11-2025، حاکم ئاسۆ محەممەد، دادوەری خانەنشین لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێری 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، باسی لە دەستگیرکردنی شاکر تەها، ئەفسەرێکی سەردەمی رژێمی بەعس کرد کە بەگوێرەی دانپێدانانەکانی خۆی، دەستی لە ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا هەبووە.
بەگوتەی دادوەر ئاسۆ محەممەد، شاکر تەها لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیر کراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ساڵی 1983 لە چوارچێوەی شاڵاوی ئەنفالدا، ژمارەیەک لە بارزانییەکانی راگوێزاوە بۆ شوێنێک، تەقەی لێکردوون و فەرمانی کۆمەڵکوژکردنیانی جێبەجێ کردووە.
هەر لەوبارەوە، نووسراوێکی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق دەست رووداو کەوتووە کە تێیدا هاتووە، دوو کەس وەک تۆمەتبار کە ئەفسەری باڵای رژێمی پێشوون، دەستگیر کراون کە یەکێکیان ئەو شاکر تەهایەیە.
نووسراوەکە ئاراستەی دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێریش کراوە و تێیدا باس لەوە کراوە کە 27ـی تشرینی دووەم پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەفسەرەکەی رژێمی پێشوو بەڕێوەدەچێت.
لە نووسراوەکەدا، ئاماژە بە ناوی 32 کەسیش کراوە کە پەیوەست بە دۆسیەی ئەنفالی بارزانییەکان سکاڵایان تۆمار کردووە. ئەو دادوەرە خانەنشینە دەڵێت، مەرج نییە سەرجەمیان، بەڵام پێویستە ژمارەیەکیان 27ـی مانگ بۆ یەکەم دانیشتنی دادگە لە بەغدا ئامادە بن.''
ئاسۆ محەممەد خۆی لە دانیشتنەکەی دادگەدا ئامادە دەبێت و لەبارەی کاریگەریی دادگاییکردنی ئەو ئەفسەرەی سەردەمی بەعس لەسەر دۆسیەی ئەنفالی بارزانییەکان دەڵێت، ''هەرچەندە هەموو برینی کەسوکاری ئەنفالکراوان سارێژ ناکات، بەڵام برینەکەیان کەم دەکاتەوە.''
ئەو دادوەرە خانەشینە جەختی لەوەش کردەوە، ''بێگومان دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراقدا هەن کە هێشتا ئاشکرا نەکراون؛ هەروەها ژمارەیەکی زۆر تاوانابار هەن کە دەستیان لە ئەنفال و کۆمەڵکوژیدا هەبووە و هێشتا دەستگیر نەکراون.''
شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەکان لە 31ی تەممووزی ساڵی 1983 دەستیپێکرد و تاوەکو ئابی هەمان ساڵ لە لایەن رژێمی بەعسەوە بەردەوام بوو.
لەو شاڵاوەدا، 8 هەزار پیاو و گەنجی بارزانی دەستگیرکران و بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و لەوێ زیندەبەچاڵ کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ