پارێزگاری هەولێر: دوو پڕۆژەی ستراتیژی لە تەواوبووندان

16-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگای هەولێر دەڵێت، دوو پڕۆژەی "ستراتیژی" لە تەواوبووندان؛ یەکێکیان بەرزە پردی ئۆڤەرفلای دووڕێیانی (کۆڕێ - شەقڵاوە - هەولێر)ـە و 90%ـی کارەکانی تەواو بووە؛ ئەوی دیکەش بەنداوی گۆمەسپانە.
 
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پڕۆژەی دروستکردنی بەرزە پردی ئۆڤەرفلای لە دووڕییانی (کۆڕێ - شەقڵاوە - هەولێر) لەگەڵ یەکخستن و فراوانکردنی رێگەی دەربەندی کۆڕێ - شەقڵاوە، کە بە گوژمەی 40 ملیار دینار لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر دەستی پێکرا و پێکهاتووە لە دوو پردەکەی سەر رێگەی کۆڕێ - شەقڵاوە، ئێستا کاری تێدادەکرێت و 90%ـی کارەکانی تەواو بووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگی شاری هەولێرە و بە شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە دروستکراوە و جگە لەوەی سوودێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان و خەڵکی ناوچەکە بەگشتی هەیە، قەرەباڵخی و رووداوەکانی هاتووچۆش لەو رێگە سەرەکی و ستراتیژییە کەم دەکاتەوە".
 
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا پارێزگای هەولێر دەڵێت، "بەنداوی گۆمەسپان لە هەولێر، کە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیاری و گلدانەوەی ئاو و بۆ كەشوهەوای هەولێریش سوودی زۆری هەیە، له‌ نزیكترین ماوه‌دا کارەکانی كۆتایی دێت و دەبێتە گەورەترین بەنداو لە هەولێر و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش دوای بەنداوەکانی دووكان و دەربەندیخان دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو".
 
تێچووی دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان 95 ملیار دینارە؛ رووبەرەکەی شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجایە، بەرزییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەی 512 مەترە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی باراناو کۆ بکاتەوە. پارێزگای هەولێر دەڵێت، یەکەم جارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە دروستکردنی بەنداودا بەکاربهێرێت.
 
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، شەو و رۆژ کار لە دروستکردنی بەنداوەکەدا دەکرێت و "بەم زووانە" ئاوی باراناوی تێدا گلدەدرێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، بە تەواوبوونی رۆڵی دەبێت لە پاراستنی سامانی ئاو، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی؛ دەشبێتە سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەولێر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە