رووداو دیجیتاڵ
تیرورپشک بۆ دیاریکردنی ناوی ئەو کەسانە کرا کە ساڵی داهاتوو فەریزەی حەج دەیانگرێتەوە. لە تیروپشکەکەدا زیاتر لە 121 هەزار ناو هەبوون و لەو ژمارەیە 4 هەزار و 174 کەس هەڵبژێردران.
رۆژی شەممە، 16-12-2023، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، 65 هەزار و 195 داواکاری حەجی ساڵانی پێش ساڵی 2020یان لەبەردەستدا ماوەتەوە؛ ئەم ساڵیش 56 هەزار و 669 کەس داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردووە کە کۆی داواکارییەکە دەبێتە 121 هەزار و 864 کەس، لەکاتێکدا پشکی حەجی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 چوار هەزار و 174 کەس دەبێت.
شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، ئەم ساڵ دەرفەتی ئەو کەسانەی کە ساڵانی رابردوو ناویان تۆمارکردووە 60%ـە و ئەوانەشی ئەم ساڵ ناویان تۆمار کردووە 40% دەبێت.
بە گوێرەی تیروپشکەکە، ئەوانەی ساڵانی رابردوو ناویان تۆمار کردووە 2 هەزار و 504 کەسیان بۆ حەجی 2024 ناویان دەردەچێت و ئەوانەشی ئەم ساڵ ناویان تۆمار کردووە هەزار و 670 کەسیان ناویان دەردەچێت.
شێخ نیاز نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەڵبژاردنی تەواوی دەرچوواندا ژمارەیەک یەدەگیش هەڵدەبژێردرێن؛ گوتیشی، "ئەوانەی ئەم ساڵ ناویان دەرناچێت و ئەوانەشی بە یەدەگ ناویان دەردەچێت هیچیان ساڵی داهاتوو ناویان نایەتەوە. ساڵی داهاتوو سیستمی حەج بۆ ئۆنلاین دەگۆڕێت و هیچ ناوێکی کۆن نامێنێت؛ هەموو هاونیشتمانییەک دەتوانێت لە ماڵی خۆیەوە و بە مۆبایلەکەی داوای چوونە حەج تۆمار بکات."
تیروپشکەکە کۆتایی هاتووە و بڕیارە ئەمڕۆ ناوەکان بە فەرمی رابگەیێندرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ