رووداو دیجیتاڵ
ئەو سندووقانەى دەنگدانى تایبەت لە هەردوو پارێزگاى کەرکووک و سلێمانى گواسترانەوە بۆ وێستگەى ناوەندیی ئەو دوو شارە، کە نەتواندرا ئەنجامى جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکانیان لێ رابکێشرێت.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە پەیامنێرانى رووداو لە کەرکووک و سلێمانى رایانگەیاند، دەستکراوە بە گواستنەوەى ئەو سندووقانەى دەنگدان، کە نەتوانراوە لیستى جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکانیان لێ رابکێشرێت.
ئەو بڕیارەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 10ـی یاسای هەموارى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقە، کە ئەگەر ئامێرى دەنگدان لە ماوەى شەش کاژێردا نەیتوانى ئەنجامەکان بۆ ناوەندى سەرەکى بنێرێت، ئەو سندووقانەى دەنگدان دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندى وردبینى لە پارێزگاکە بۆ وردبینیکردنى و بەدەست دەنگەکانى دەژمێردرێنەوە و پشت بە ئەنجامەکانى دەبەسترێت.
زۆرینەى ئامێرەکانى جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکان لەو دوو پارێزگایە کاریان نەکرد و نەتواندرا لیستى ئەنجامى جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکترۆنى لێ رابکێشرێت، بەو هۆیەشەوە دەگوازرێنەوە بۆ وێستگەى ناوەندى ئەو شارە بۆ ئەوەى بە دەستى بژمێردرێنەوە.
حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو ئامێرى دەنگدانانەى کە راکێشانى ئەنجامەکان تێیاندا دواکەوتووە، ئەوانەن کە زیاتر لە 150 فۆرمى دەنگدانیان تێدایە و جیاکردنەوە و ژماردنى دوادەکەوێت، ئەوە جگە لەوەى فۆرمى دەنگدانى تایبەت گەورەترە لە هەمان فۆرم کە بۆ دەنگدانى گشتى بەکاردەهێندرێت و ئەوەش جیاکردنەوە و ژماردنى قورس کردووە.
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو.
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 15 پارێزگاى عێراق بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ لە 14 پارێزگا و یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ