لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: دەنگدان بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت

16-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەیانیی ئەمڕۆوە دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق دەستیپێکردووە. لە هەولێر زیاتر لە 5 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەرپرسی تەکنیکی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "پڕۆسەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت."
 
کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد. لە پارێزگای هەولێر 5 هەزار و 23 ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە و لە حەوت کەمپ دەنگ دەدەن.
 
بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی تەکنیکی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆسەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکمان بۆ دروست نەبووە."
 
لەبارەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت بۆتان جاف گوتی، ئەمڕۆ هیچ ئەنجامێک راناگەیێندرێت و لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیدا رادەگەیێندرێت.
 
دەنگدەرانی هەولێر بەمشێوەیە دابەشی سەر کەمپەکان بوون:
 
کەمپی دیبەگە؛ هەزار و 363 کەس مافی دەنگدانیان هەیە
کەمپی بەحرکە؛ هەزار و 274 کەس مافی دەنگدانیان هەیە
کەمپی حەسەن شام U3؛ 550 کەس مافی دەنگدانیان هەیە
کەمپی حەسەن شام U2؛ 485 کەس مافی دەنگدانیان هەیە
کەمپی خازر؛ 341 کەس مافی دەنگدانیان هەیە
کەمپی هەرشەم؛ 266 کەس مافی دەنگدانیان هەیە
کەمپی قوشتەپە؛ 771 کەس مافی دەنگدانیان هەیە
 
لە دەنگدانی تایبەتدا 48 هەزار و 260 کەس ئاوارەن و مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن:
 
- پارێزگای دهۆک؛ 39 هەزار و 422 دەنگدەر
- پارێزگای هەولێر؛ 5 هەزار و 23 دەنگدەر
- پارێزگای سلێمانی؛ 3 هەزار و 815 دەنگدەر
 
لە دەنگدانی تایبەتدا کە ملیۆنێک و 2 هەزار و 393 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، پارێزگای بەغدا یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق لە رووی زۆری ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتەوە کە 309 هەزار و 119 دەنگدەرن؛ دواتر پارێزگای ئەنبار لە پلەی دووەمدا دێت کە 104 هەزار و 498 دەنگدەری هەیە.
 
بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.