ئەمشەو ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دەدرێتەوە بە حیزبەکان

16-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە. سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "هەر دوای دەنگدانەکە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دەگاتە حیزبەکان و کۆمیسیۆنیش دەتوانێت کاژێر 12ـی شەو ئەنجامەکە رابگەیێنێت."
 
کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 16-12-2023، دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد. لە پارێزگای دهۆک زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "یەک خولەک کاتی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە."
 
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەنگدانی تایبەت بەردەوامە؛ ئەمڕۆ کاژێر 06:00ـی ئێوارە کۆتایی دێت و بەهیچ شێوەیەک و یەک خولەکیش دەنگدان درێژناکرێتەوە."
 
لەبارەی ئەنجامی دەنگدانەکەوە خالید عەباس گوتی، لەگەڵ تەواوبوونی دەنگدانەکەدا ئەنجامەکە دەگاتە نوێنەری حیزب و هاوپەیمانە بەشدارەکانی هەڵبژاردن؛ گوتیشی، "دەوروبەری کاژێر 12:00ـی ئەمشەو کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەتوانێت ئەنجام رابگەیێنێت، بەڵام روون نییە بە فەرمی بڵاوی دەکاتەوە یان نا، چونکە ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاراندایە."
 
لە دەنگدانی تایبەتدا ملیۆنێک و 2 هەزار و 393 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە؛ لەو ژمارەیە 48 هەزار و 260 کەس ئاوارەن و مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین؛ 39 هەزار و 422 دەنگدەر لە پارێزگای دهۆک؛  5 هەزار و 23 دەنگدەر لە پارێزگای هەولێر و لە پارێزگای سلێمانیش 3 هەزار و 815 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە