کارەبای گەرمیان: پێدانی کارەبا بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی خواست، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بەهۆی "نەبوونی نەختینە"ـەوە کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی سنوورەکە وەستاوە.
 
ئەندازیار حازم کەریم لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداو رایگەیاند: "تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم دۆخی کارەبا باش بوو و رۆژانە 17 بۆ 18 کاژێر کارەبا دەدرایە هاونیشتمانیان، بەڵام لەدوای هاتنی شەپۆلی سەرماوە خواست لەسەر کارەبا زیادی کردووە و ئێستا رۆژانە نزیکەی 15 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بەرزترین خواستی کارەبا (Load) لە گەرمیان دەگاتە نزیکەی 240 مێگاوات، بەڵام پشکی ئێستایان لە تۆڕی نیشتمانی رۆژانە لە نێوان 110 بۆ 115 مێگاواتدایە.
 
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و وێستگەی گازیی حەسیرە، حازم کەریم گوتی: "وێستگەکە توانای بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی گازی سروشتیی پێویستەوە، ئێستا تەنیا 60 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و بە کەمتر لە نیوەی توانای خۆی کاردەکات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەواونەکردنی پڕۆژەکانیان هەبووە و گوتی: "بەهۆی نەبوونی نەختینەوە، 9 پڕۆژەمان لە قەزای کفری و پڕۆژەی هێڵی 33 کەیڤیی ناحیەی نەوجول وەستاون؛ هەروەها پڕۆژەی گەیاندنی کارەبا بە 24 گوند کە تەنیا چەند گوندێکیان ماوە تەواو بکرێن، کارکردن تێیاندا وەستاوە، هەرچەندە ئەو پرۆژانە بە رێژەی جیاواز و باش کاریان تێدا کراوە."
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی "پڕۆژەی رووناکی" (کارەبای 24 کاژێری) لە گەرمیان، حازم کەریم ئاشکرای کرد، لەسەر خەتن لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و گوتی: "بەڵێن وایە لەدوای مانگی ئاداری 2026ـەوە، ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی لە گەرمیان دەستپێبکات؛ گەرمیان دابەشی پێنج زۆن دەکرێت، سەرەتا لە چوار زۆنی ناو شارەکان و دواتر بۆ گوندەکان جێبەجێ دەکرێت."
 
حازم کەریم باسی لە زیانەکانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو کرد و رایگەیاند، لەسنووری ناحیەی باوەنوور 10 ستوونی کارەبا کەوتبوون و بووە هۆی بڕانی کارەبای 13 گوند، هەروەها لە رزگاری، کەلار و کفریش زیان بە تۆڕەکان و محەویلەکان گەیشتبوو، بەڵام تیمەکانیان زۆربەی گرفتەکانیان چارەسەر کردووە و کارەبایان بۆ گەڕاندوونەتەوە.
 
سەبارەت بە سیستمی وزەی خۆر، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان گوتی: "تاوەکو ئێستا 51 هاوبەش خۆیان تۆمارکردووە کە بە توانای 1300 کیلۆوات کارەبا لە وزەی خۆر دابین دەکەن."
 
داواشی لە هاوبەشان کرد برەوی زیاتر بە بەرهەمهێنانی کارەبا بدەن لە رێگەی وزەی خۆرەوە، چونکە داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە کرێی کارەبا، بەتایبەت دوای ئەوەی پڕۆژەی رووناکی دەگاتە سنوورەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

فڕۆکەخانەی هەولێر: شەوی رابردوو 38 گەشت دواخران

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، شەوی رابردوو بەهۆی تەمەوە 38 گەشت بۆ ئەمڕۆ دواخران. کەشناسێکیش بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێ ئەمشەو تەنیا لە دەشتی هەولێر تەم هەبێت."