رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ دەڵێت، پڕکردنەوەی فۆرمی ئۆتۆمبێلە زیانبەرکەوتووەکانی چەمچەماڵ کۆتاییهات و 687 ئۆتۆمبێل تۆمارکران.
رۆژی سێشەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2025، عەمید عومەر عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو ئەمڕۆ لەلایەن لیژنەیەکی هاتووچۆی قەزاکەوە فۆرم لەو کەسانە وەرگیرا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیان بەر ئۆتۆمبێلیان کەوتبوو."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد: "687 فۆرم پڕکرانەوە و لیژنەیەکی پێداچوونەوەش لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی پێکهاتووە کە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکات و زیانەکان دەخەمڵێنێت. 555 ئۆتۆمبێل خەمڵیندراون و 100یشیان رەتکراونەتەوە. بەشێکی کەمیشیان ماون".
بە گوتەی عەمید عومەر عەلی، دوای دیاریکردنی زیانەکان، وردەکارییەکە بۆ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێ و زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.
وەک بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ گوتی، تاوەکو ئێستا جۆری زیانی ئۆتۆمبێلەکان دیارنییە و دوای پشکنینی لیژنەکەی هاتووچۆی سلێمانی دیاری دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ