بەرپرسێکی مەسەدە: حکومەتی سووریا رازی بووە بە مانەوەی 3 فیرقەی هەسەدە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) رایگەیاند، حکومەتی سووریا "رازی بووە بە مانەوەی 3 فیرقە"ی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڵام هەسەدە دەیەوێ "سەرکردایەتیی ناوچەی رۆژهەڵات بگرێتەدەست".
 
ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2025)، لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی (چاوی سێیەم) کە حوسێن عومەر، بەرپرسی دێسکی رۆژئاوای کوردستان و سووریای بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداو لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، حەسەن محەممەد عەلی گوتی، حکومەتی سووریا "داوای دەکرد هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە شێوەی تاکەکەسی تێکەڵ بە سوپای وڵات ببن، بەڵام ئێستا، لە پێشنیازە نووسراوەکەیدا کە لای هەسەدەیە، هاتووە ئەوان رازین بە هەبوونی 3 فیرقە بۆ هەسەدە". 
 
ئەو بەرپرسە گوتی، حکومەت رازییە بە هەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک یەک هێز لەنێو سوپای سووریادا.
 
"لیژنە تایبەتمەندەکان وردەکارییەکان تاوتوێ دەکەن"
 
حەسەن محەممەد عەلی ئەوەشی خستەڕوو کە "هەسەدە هێشتا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەبارەی پێشنیازەکانی وەزیری بەرگریی سووریا"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "لیژنەی تایبەتمەند دەبن بۆ ئەوەی لەبارەی ئەرک و وردەکارییەکانی دیکە گفتوگۆ بکەن".
 
حەسەن محەممەد عەلی گوتیشی، ئەگەری هەیە "تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێ هەنگاوی کردەیی بنرێن"، واتە دوای نزیکەی دوو هەفتەی دیکە.
 
ئەو بەرپرسەی مەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دەیەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی مەسەدەدا گوتی: تاوەکو سەری ساڵ موژدەیەکتان پێ دەدەین و رایگەیاند، مەبەستی مەزڵووم عەبدی ئەوەیە هەسەدە "دەیەوێت هەنگاوێک لەم بوارەدا بنێت".
 
حەسەن محەممەد عەلی گوتی، "هێزە پەیوەندیدارەکان لە دۆستانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەیانەوێ ئەم پرسە چارەسەر بکرێت" و گوتی: "پێموایە تاوەکو سەری ساڵی نوێ، هەنگاوێک لەم بوارەدا دەبێت".
 
"جەنگی میدیایی تاکتیکێکی هەڵەیە"
 
هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی مەسەدە، ئەو جەنگە میدیاییەی کە حکومەت بەڕێوەی دەبات بە "تاکتیکێکی هەڵە" ناوبرد و گوتی، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا رێککەوتوون لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ناناوەندی بۆ سووریا. 
 
حەسەن محەممەد گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان، فەرەنسا و بەریتانیا لەسەر ناناوەندی رێککەوتوون و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەحمەد شەرع نەرمی دەنوێنێت سەبارەت بە سیستمی ناناوەندی؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە "پرسەکان چارەسەر دەکرێن" و چارەسەرکردنیشیان دەبێت "بە گفتوگۆ بێت، دوور لە ئاراستەی رق و کینە".
 
وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر هەڵوێستی پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتانە بۆ پرۆسەی دانوستاندنی نێوان هەردوولا، حەسەن محەممەد عەلی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کرد کە "بەریتانیا نوێنەری تایبەتی خۆی ناردووەتە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دانوستاندنەکانی نێوان حکومەت و هەسەدە، بە ئامانجی پشتیوانیکردنی پرۆسەکە، هەروەها فەرەنسییەکانیش لە رۆژی یەکەمەوە پشتیوانیی لێ دەکەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.