رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.
رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، یانەی وەرزشیی زاخۆ مێژووی نووسییەوە و وەک یەکەم یانەی کوردستانی، عێراقی، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو ئاسیا، بووە براوەی خەڵاتی فیفای 2025 بۆ باشترین هاندەر.
ساڵانە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی زنجیرە خەڵاتی (The Best) دابەش دەکات. خەڵاتەکان بریتین لە باشترین یاریزانی جیهان، باشترین هێرشبەر، باشترین نێوەڕاستکار، باشترین بەرگریکار، باشترین گۆڵپارێز، جوانترین گۆڵ، یاریی خاوێن، باشترین راهێنەر، باشترین هاندەر و باشترین پێکهاتەی 11 یاریزانی.
زاخۆ چۆن بەربژێرکرا و بردییەوە؟
رۆژی 13-05-2025 لە کاتی بەڕێوەچوونی گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە نێوان زاخۆ و حدوودی بەغدا، هاندەرانی یانەی زاخۆ لەنێو یاریگەی شارەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە، دواتر هەموویان کۆکرانەوە و بەو منداڵانە بەخشران کە نەخۆشن و لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون.
شانبەشانی زاخۆ، هەریەک لە ئەلیخاندرۆ چیگانۆتۆ، هاندەری یانەی رەیسینگی ئەرجەنتینی و مانوێل کاسێرێس، هاندەری دیار و تەپڵ لێدەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەربژێر بوون.
دوای راگەیاندنی بەربژێربوونی زاخۆ، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەموو ئەورووپا و جیهان، کورد پێکەوە هەڵمەتێکی گەورەیان دەستپێکرد و بە ئۆنلاین دەنگیان بە یانەی زاخۆ دا. دواجار فیفا لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بە دەنگی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پیرۆزبایی لە زاخۆ کرد و بردنەوەی هاندەرانی یانەکەی راگەیاند.
ئینفانتینۆ لەبارەی هەڵدانی بووکەڵەکان گوتی: "ساتەوەختێکی ئیلهامبەخش و پڕ لە بەزەیی و میهرەبانی بوو، دەریخست چۆن تۆپی پێ هەموومان کۆدەکاتەوە، شانازی دەکەم کە پیرۆزباییتان لێدەکەم و زۆر سوپاستان دەکەم."
خەڵاتی باشترین هاندەر چییە؟
خەڵاتی باشترین هاندەر لە ساڵی 2016ـەوە دەدرێتە ئەو هاندەر یان هاندەرانەی کە "باشترین کەش دروست دەکەن، شتێکی نائاسایی و ناوازە دەخەنەڕوو، گیانێکی وەرزشیی بەرز پیشان دەدەن، یانیش چالاکییەکی خێرخوازی دەکەن."
ئەو خەڵاتەی یانەی زاخۆ وەریدەگرێ، دارایی نییە، بەڵکو قەڵخانێکی زیوینە.
پێشتر زۆر ناوی گەورە براوەی ئەو خەڵاتە بوون، لەوانەش هاندەرانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی پێکەوە لە 2016؛ هاندەرانی یانەی سێڵتیکی سکۆتلاندی لە 2017؛ هاندەرانی هەڵبژاردەی پێرو لە 2018؛ هاندەرانی هەڵبژاردەکانی دانیمارک و فینلاند پێکەوە لە 2021 و هاندەرانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە 2022.
'زاخۆ شارێکی بچووکە، بەڵام دڵی هاندەرانی زۆر گەورەیە'
ماڵپەڕی فیفا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەحمەد ئیبراهیم، بەرگریکار و کاپتنی یانەی زاخۆ کرد. ئەحمەد بە فیفای گوت: "لە هەموو شوێنێک یاریم کردووە؛ لە ئیمارات، سعودیە، قەتەر و 12 ساڵ لە هەڵبژاردە، بەڵام یەکەمجارە هاندەری لەم جۆرە ببینم. ماوەی 3 ساڵە یاری بۆ ئەم یانەیە دەکەم، بەراستی هاندەرانی زاخۆ جێگەی سەرسوڕمانن، لە هەموو یارییەکدا پشتیوانمانن و گرنگ نییە بەرامبەر یانەی گەورە یان بچووک یاری دەکەین، یاریگە بەردەوام پڕ دەبێتەوە و ئەوان تایبەتن."
ئەحمەد ئیبراهیم لەبارەی شارەکەوە گوتی: "زاخۆ شارێکی بچووکە، بەڵام دڵی هاندەرانمان زۆر گەورەیە، خەڵکێکی زۆر باشن و بەردەوام رێز لە یاریزانان و تیپی بەرامبەر دەگرن".
بەگوێرەی بەرگریکارەکەی زاخۆ، لە ناوچەکەیان منداڵی نەخۆش هەیە و پێویستیان بە چارەسەر و هاوکارییە، هاندەران بەردەوام چالاکی ئەنجام دەدەن و دەچنە قوتابخانەکان، هاوکاری خەڵکی دەربەدەر و ئەوانە دەکەن پێویستیان بە خۆراک و دەرمانە.
لێشاوی پیرۆزبایی و پشتیوانی
بردنەوەکەی هاندەرانی یانەی زاخۆ کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ گوهدار شێخۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پیرۆزبایی لە یانەکە کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بە گەرمی پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە جیهانییەتان لێدەکەم کە تێیدا هاندهرانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ لهلایهن فیفاوه وەک باشترین و کاریگەرترین هاندهر لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان کران."
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ئەم نازناوە جیهانییه، تەنیا سەرکەوتنێک نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵکو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان و عێراق".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پیرۆزباییەکی گەرم لە هاندەرە دڵسۆزەکانی زاخۆ دەکەم بۆ بردنەوەی خەڵاتی فیفا."
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ وەرزش و هاندەرانی یانەکە و تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق."
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە هاندەرانی یانەی زاخۆ دەکەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەرانی جیهان، دەستکەوتێکی گرنگ و مێژووییە".
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سوودانی سەرپەرشتیی 50ـەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد و "لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی زاخۆ کرد بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری فیفا بۆ ساڵی 2025؛ هەروەها سوپاسی هاندەران و کۆمەڵەی یانە وەرزشییەکانی کرد کە بەدەم بانگەوازەکەیەوە چوون بۆ دەنگدان بە یانەکە."
یانەی هەولێر پیرۆزبایی لە زاخۆ کرد و رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە هاندەران و لایەنگران و هەواداران و سەرۆک و ئەندامانی یانەی زاخۆ دەکەین کە خەڵاتی باشترین هاندەرانیان بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بێ وێنەیان بەدەستهێنا و رکابەرەکانی ئەرجەنتین و ئیسپانیایان تێپەڕاند."
یانەی نەورۆز کە هاوشانی زاخۆ، دهۆک و هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاری دەکات، نووسی: " "ئەمڕۆ جیهان گوێی لە دەنگی ئێوە بوو. ئێوە بە جۆش و خرۆشتان، بە ئاڵا سوورەکانتان و بە دەنگە دلێرەکەتان، جوانییەکی بێوێنەتان بەخشی بە یاریگاکان."
یانەی دهۆک بڵاویکردەوە: "پیرۆزە لە هاندەرانی زاخۆ بۆ ئەم دەستکەوتە مەزنە. ئەم دەستکەوتە شانازییەکی گەورەیە و رەنگدانەوەی خۆشەویستیی هاندەران و وەفاداریی ئێوەیە."
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە هاندەران و ئەندامانی یانەی زاخۆ دەكەم كە خەڵاتی باشترین هاندەرانیان بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا."
یانەی ئامەد سپۆری باکووری کوردستان نووسی: "ئەو هەست و یەکڕیزییەی لەنێو یاریگە نیشانتاندا و ئەو واتایەی بەخشیتانە بەها جیهانییەکانی تۆپی پێ، بە هەموو شێوەیەک شایستەی خەڵاتە."
حەفیز دەڕاجی، کۆمێنتاری بەنێوبانگی کەناڵەکانی بین سپۆرتس، ڤیدیۆ و وێنەی رووداوی لە ئینستاگرامەکەی خۆی بڵاوکردەوە و نووسی: "هاندەرانی یانەی زاخۆ لەڕێگەی دەستپێشخەرییە ناوازەکەیانەوە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، جۆش و خرۆشی وەرزشی و بەها مرۆییەکانیان کۆکردەوە. پیرۆزبایی لە کەسوکارمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین."
ئەندرو بیزڵی، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە و گوتی: "گەلەک پیرۆزە هاندەرانی زاخۆ."
نیپەل، ئەو کچە بوو کە فیفا لەکاتی بەربژێرکردنی زاخۆ وێنەکەی دانا و بووە سیمبوولی یانەکە، لە رێگەی رووداوەوە گوتی: "زۆر دڵخۆشبووم زاخۆ بردییەوە. مامۆستا لە قوتابخانە موژدانەکەی پێداین."
مەحسوون کرمزیگول، هونەرمەندی بەناوبانگی باکووری کوردستان و تورکیا رایگەیاند: "نیپەل، کچەکەی زاخۆ، خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای وەرگرت. ئەمە تەنیا جامێک نییە، ئەمە ویژدانی تۆپی پێ و خەیاڵی منداڵێکە."
یانەی زاخۆ
یانەی زاخۆ یان (کوڕانی خابوور) لە 03-06-1987 دامەزراوە و لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشدارە.
لەم وەرزەی باڵاترین خولی عێراق، زاخۆ لە ریزبەندیی شەشەمدایە؛ 7 یاری کردووە، 4 یاریی بردووەتەوە، 1 یاریی یەکسان بووە و 1 یاریشی دۆڕاندووە. تاوەکو ئێستا 13 خاڵی کۆکردووەتەوە. زاخۆ لەم وەرزەدا 9 گۆڵی کردووە و 4 گۆڵیشی لێکراوە.
وەرزی پێشوو زاخۆ بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆی پلەی سێیەمی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەستهێنا و لە جامی عێراقیش پلەی دووەمی وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 18-07-2025 لە یاریی کۆتایی جامەکە بەرامبەر دهۆک یارییەکەی بە بێ گۆڵ تەواوکرد و لە لێدانی یەکلاکەرەوە 5-3 دۆڕا.
یانەی زاخۆ خاوەن یاریگەیەکی نێودەوڵەتییە کە لە ساڵی 2015 دروستکراوە، جێگەی 20 هەزار هاندەر دەگرێت و 20 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ