مەحسون قرمزیگوڵ پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەحسون قرمزیگوڵ، هونەرمەندی ناوداری کورد پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یانەی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەران بۆ ساڵی 2025 لەلایەن فیفاوە.
 
فیفا لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست (The Best) رایگەیاند، هاندەرانی یانەی زاخۆ براوەی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵی 2025ـن، ئەوەش وەک رێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانیان لە هاوکاریکردنی ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن و دیمەنێکی ناوازەیان لە یاریگەکاندا دروستکرد.
 
مەحسون قرمزیگوڵ بەم بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێ، بوونی زاخۆ لە گۆڕەپانی تۆپی پێی جیهاندا "سەرکەوتنی هێزی یەکخەری تۆپی پێیە".
 
قرمزیگوڵ لە رێگەی پۆستێکەوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پشتیوانیی خۆی بۆ یانەی زاخۆ دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم خەڵاتە تەنیا سەرکەوتنێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەرخستنی خۆشەویستیی خەڵک و یانەکەی زاخۆیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
 
قرمزیگوڵ لەبارەی نیپێل، ئەو کچەی بووە دروشمی هاندەرانی یانەی زاخۆ نووسیویەتی:"نیپێلی کچی زاخۆ بووە ویژدانی جیهان. ماوەیەک لەمەوبەر کچە زاخۆییەک بە خۆشەویستییەکی پاکەوە دەرکەوت و هاواری بۆ یانەکەی کرد. بەو جۆرە چووە سەر بەرزترین سەکۆی تۆپی پێی جیهان".
 
ئەو هونەرمەندە کوردەی باکووری کوردستان نووسیویەتی:" چەند رۆژێک لەمەوبەر داوای پشتیوانیم لە ئێوە کرد بۆ نیپێل، بە بێدەنگی و بەبێ بەرامبەر، چونکە مەبەست دەرکەوتن نەبوو، بەڵکو دەرخستنی شتێک بوو کە نەدەبینرا. لە دڵەوە سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە بەشدارییان لەم چیرۆکەدا کرد و هاوکاریی ئەو کچە بچووکەیان کرد. ئەمە تەنیا خەڵاتێک نییە، بەڵکو سەرکەوتنی خەونی منداڵێک و هێزی یەکخەری تۆپی پێ بوو. سوپاس بۆ هەبوونتان، سوپاس کە پشتیوانی نیپێل بوون."
 
مەحسون قرمزیگوڵ لەکاتی پێشبڕکێکەدا لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە و بە ڤیدیۆ، پشتیوانیی خۆی بۆ یانەی زاخۆ نیشاندا و چەند جارێکی لە ستۆرییەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، داوای لە جەماوەرەکەی کرد، دەنگ بە هاندەرانی یانەی زاخۆ بدەن. 
 
ئەم دەستپێشخەرییەی هاندەرانی زاخۆ نەک تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و بووەهۆی ئەوەی ناوی یانەکە لە مێژووی فیفادا بەهۆی کارێکی مرۆییەوە تۆمار بکرێ.
 
هاندەرانی یانەی زاخۆ رۆژی 13-5-2025 بەر لە دەستپێکردنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی حدوود لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا هەزاران بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە. دواتر ئەو دیارییانە لە چیمەنی یاریگەکە کۆکرانەوە و بەسەر منداڵانی نەخۆشدا دابەشکران. ئەمەش وەکو هاوکاریکردنی ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
 
ئەو دیمەنە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی فیفاوە بەرز نرخێندرا و هاندەرانی زاخۆ خەڵاتی زە بێستیان پێ بەخشرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.