رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی دەڵێت، هیچ نووسراوێکی فەرمی بۆ راگرتنی کارەکانیان بە ئەوان نەگەیشتووە و دەرهێنانی کارتەکە بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاودێر سەلیم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی هەیە و دەگوترێت کارتی زانیاری وەستاوە بە نووسراوی فەرمی بۆ ئێمە نەنێردراوە، بۆیە کارەکانمان بەردەوامن".
14ـی ئەم مانگە، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "کارتی زانیاری نامێنێت و تێکەڵ بە کارتی نیشتمانی دەکرێت، لەگەڵ زیادکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی دیکەدا".
دوای بڕیارەکەی سوودانی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند بابەتێک بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە "کار بە کارتەکە ناکرێت و دەرهێنانی راگیراوە".
ئاودێر سەلیم گوتی: "ئێستاش هەر هاووڵاتییەک پێویستی بە کارتی زانیاری هەبێت دەتوانێت سەردانی نووسینگەکان بکات و کارتی بۆ دەردەهێندرێت، چونکە هیچ نووسراوێکی فەرمی بۆ راگرتنی دەرهێنانی کارت نەکراوە".
بڕیارەکەی سوودانی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی رێکخستنەوەی کارتی نیشتمانی بوو؛ تێیدا ئاماژە بەوەکرابوو، کارتی نیشتمانی ببێتە سیستمێکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی زانیاریی کەسیی هاووڵاتییان و زیادکردنی کارتی زانیاری بۆ ناو کارتی نیشتمانی، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە جیا دەربهێنرێت.
لە کۆبوونەوەکەی سوودانیدا تاوتوێی پەرەپێدان بە سیستمی ئەلیکترۆنیی کارتی نیشتمانی کراوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی دیکە پێشکەش بکات، لەوانە: گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون، داواکردنی وێنەی تۆماری و گۆڕینی باری کۆمەڵایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ