مەزڵووم عەبدی لەگەڵ فەرماندەکانی سێنتکۆم و هاوپەیمانان کۆبووەوە؛ 'بۆ دۆخی سووریا گرنگ بوو'

18-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، لەگەڵ فەرماندەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و دوو هێزی دیکەی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کۆبووەتەوە و دۆخی سووریایان تاوتوێ کردووە.
 
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نووسیویەتی، "لەگەڵ جەنەڕاڵ مایکڵ کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم؛ جەنەڕاڵ کێڤن لیهی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی پێداگریی پۆڵایین و جەنەڕاڵ مایکڵ برووکس، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی شام کۆبووینەوە."
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، "کۆبوونەوەکە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای سووریا و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دژی داعش گرنگ بوو."
 
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە جێگیر کراون.
 
پێنتاگۆن، هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی لە شەڕی دژی داعش دەزانێت، بەڵام هێزەکە کە کورد سەرکردایەتیی دەکات، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە کەوتووەتە بەر هێرشی ئەو گرووپە چەکدارە سوورییانەی کە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ پشتیوانییان لێ دەکات.
 
مەزڵوم عەبدی دەڵێت، "ئێمە جەختمان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوبەشییەکان و رۆڵی گرنگی ئەمریکا لە بەدەستهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵات کردەوە."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە هەوڵدایە رێگری لە هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە بکات.
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
 
بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن کە هێرشی بەردەوامی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەسەدە، دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەوڵەکانی شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە هەسەدە پاسەوانی لە دەیان هەزار چەکداری پێشووی داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە زیندان و کەمپەکاندا دەکات.
 
مەزڵوم لە پۆستەکەیدا دەڵێت، "ئێمە جەختمان لە گرنگیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ شیاندنەوەی خێزانەکانی کەمپی هۆل و پاراستنی زیندانەکان کردەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە